یه‌كه‌م هه‌فته‌ی نوێی بازاڕی نه‌وت له ساڵی نوێ‌دا گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ له بازاڕه‌كه رووی نه‌داوه، هه‌رچه‌نده چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌هۆی رووداوه‌كانی ڤه‌نزوێلا كه‌مێك له نرخی نه‌وت به‌رز ببێته‌وه، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر كه‌می تۆمار كرد و دواتر رووی له دابه‌زین كرده‌وه.
نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی بازاڕ به 61 دۆلار ده‌ستی پێ كرد، له سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می بازاڕه‌كه گه‌یشته 61 دۆلار و 24 سه‌نت، ئێسته له كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه به 60 دۆلار و 30 سه‌نت ده‌فرۆشرێت و به رێژه‌ی نزیكه‌ی 1% له نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه.
ئێسته نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی تێكساس، به 56 دۆلار و 82 سه‌نت و نه‌وتی ئۆپیك به 61 دۆلار و 14 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ڤه‌نزوێلا له رۆژی پشوودا رووی نه‌دایه، كاریگه‌ریی زۆری ده‌كرده سه‌ر بازاڕه‌كان، به‌ڵام ئه‌و دوو رۆژه پشووه وایكرد ئاڵۆزییه‌كان له ڤه‌نزوێلاش تا ئاستێكی زۆر كڕ ببنه‌وه، دوای ئه‌وه سه‌رۆكی وڵاته‌كه له ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكادا گیرا و به ده‌ستبه‌ستراوی بۆ نیویۆرك گواسترایه‌وه.
لێكۆڵه‌ره‌وانی بانكی جی پی مۆرگان پێیان وایه رووداوه‌كانی ڤه‌نزوێلا، له داهاتوودا ره‌نگه ببنه هۆی زیاتر دابه‌زینی به‌های نه‌وت، چونكه ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه له داهاتوو نه‌وتێكی زۆر له‌و وڵاته‌وه بڕژێته بازاڕه‌كانی دنیا و له‌و كاته‌شدا كه خستنه‌ڕووی نه‌وت زیاد ده‌بێت، به‌هاكه‌ی كه‌م ده‌كات.
ڤه‌نزوێلا یه‌كێكه له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی دنیا به نه‌وت و یه‌ده‌گی نه‌وتی وڵاته‌كه زیاتر له 17%ی كۆی یه‌ده‌گی نه‌وتی دنیا پێكده‌هێنێت. وڵاته‌كه له رابردوودا زیاتر له سێ ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ده‌خسته بازاڕه‌كان، به‌ڵام له ساڵانی رابردوو به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ خوار ملیۆن به‌رمیل و ته‌نانه‌ت خوار 700 هه‌زار به‌رمیل دابه‌زیبوو و له‌م چه‌ند رۆژه‌دا هه‌نارده‌كه‌ی به ته‌واوی وه‌ستاوه.
ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخی ڤه‌نزوێلا له ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی حكوومه‌تێك له داهاتووی ئه‌و وڵاته كه له ئه‌مه‌ریكا نزیك بێت، وا ده‌كات نه‌وتی زیاتر بڕژێته بازاڕه‌كان.
نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت له سه‌ره‌تای ساڵی 2025، به 72 دۆلار بوو، به‌ڵام له كۆتاییه‌كه‌ی به 60 دۆلار و 85 سه‌نت داخرا و به گشتی له ماوه‌ی ساڵه‌كه‌دا 15% له به‌های نه‌وت كه‌می كرد.
















Leave a Reply