تۆڕی کۆڕەک لە 14 پارێزگای عێراق راگیرا

بینەر: (24)

ئەمڕۆ یەکشەم، دەستەی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانی عێراق بەفەرمی دەستپێکردنی ڕێکارەکانی کوژاندنەوەی سەنتەرەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و ڕاگرتنی تۆڕەکەی لە 14 پارێزگا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە بەکارهێنەرانی کۆمپانیاکە درابوو.

لە ڕاگەیەنراوێکدا هاتووە کە تیمە تایبەتمەندەکان چوار سەنتەری سەرەکیی کۆمپانیاکەیان داخستووە، کە یەکێکیان لە پارێزگای بابل، یەکێکی تر لە پارێزگای بەسرە، و دوو سەنتەریش لە پایتەخت بەغدا بوون، جگە لە داخستنی پێگەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە پارێزگای کەرکووک، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی جێبەجێکردندا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان.

دەستەکە دووپاتی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە بوونەتە هۆی وەستانی تۆڕی کۆڕەک لە 14 پارێزگای عێراقدا، جگە لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئێستە هاوئاهەنگی بەردەوامە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی کوژاندنەوەی تۆڕەکە لە پارێزگای نەینەوا، بۆ مسۆگەرکردنی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تر.

ڕوونی کردەوە، دەستپێکردن بە کوژاندنەوەی سەنتەرەکان دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە زیادەیە دێت کە لە شەشی تشرینی یەکەمی 2026 ڕایگەیاندبوو، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داوایەکی لیژنەی گواستنەوە و پێوەندییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە تا یەکی تشرینی دووەم درێژ کرایەوە، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی بەکارهێنەران و پێدانی کاتی پێویست بۆ پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان.

دەستەکە زیاتر گوتی، ڕێکارەکانی کوژاندنەوەی تۆڕەکە بەو واتایە نایەت کە داوا لە هاوبەشەکان بکرێت سیمکارتەکانیان لەناو ببەن یان دەستبەرداری ژمارەکانیان ببن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە سوورە لەسەر پاراستنی مافی بەکارهێنەران و بەرژەوەندییەکانیان، هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنییەکان و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت.

لە مانگی ئابی ڕابردوودا، ئیخلاس دلێمی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد کە فەرمانێکی وەلائی لەلایەن دادگای عێراقەوە دەرچووە بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕێکارانەی لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانەوە دژی کۆمپانیای کۆڕەک گیراونەتە بەر، هاوکات هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی ئەو ڕێکارانە لەسەر هاوبەشەکان و کەرتی پێوەندییەکان لە عێراق.

جێی باسە بەلیغ ئەبوو کەلەل، پێش دەرچوونی بڕیارەکە دووپاتی کردبووەوە کە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک گەیشتووەتە بنبەست، و ئاماژەی بە دەستپێکردنی ڕێکارەکانی داخستنی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکە کردبوو لە بەغدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *