نرخی نەوت زیاتر هەڵكشا

بینەر: (4)

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دوای رەتكردنەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ پێشنیازەكەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەم نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە هەڵكشانی زیاتر كرد، لەو كاتەی نرخی نەوت دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی چەند مانگی رابردوو.

ئەمڕۆ نرخی خاوەی برێنت 3.43 دۆلار هەڵكشا و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 107.75 دۆلار، لەوكاتەی نرخی خاوی رۆژئاوای تەكساس 2.14 دۆلار بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 94.55 دۆلار، وەك ئاژانسی “رۆیتەرز”، ئاماژەی بۆ كرد.

هەڵكشانی نرخی نەوت لە دوای رەتكردنەوەی ترەمپ بۆ پێشنیازێكی ئێران هات بۆ هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكان، كاتێك هەفتەی رابردوو ئێران پێشنیازێكی بە ئەمەریكا دا بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریاوانی لە بەرانبەر لابردنی گەمارۆ دەریاییەكانی سەر بەندەرەكانی ئێران، لەوكاتەی پێشبینی دەكرێت دانوستانی هەردوولا بەردەوام بێت.

هەرچی نرخی زێڕە، نرخی ئۆقیەیەكی لە مامەڵە خێراكان 3% دابەزی و نرخی گەیشتە 4156.45 دۆلار، كە ئەوەش نزمترین نرخە لەوەتەی 5ی ئابی رابردوو، نرخی زێڕ بەهۆی هەڵكشانی نرخی نەوت و بوونی مەترسیی هەڵاوسان و ئەگەری مانەوەی نرخی سوودی ئەمەریكا لە ئاستێكی بەرز دابەزی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *