بەڵگەی ئامار و سەرژمێری.. پشكی كوردستان لە بودجەدا دەبێت 14.14% بێت

بینەر: (172)

بە گوێرەی سەرژمێری گشتیی عێراق و تەواوی راپۆرتەكانی وەزارەتی پلاندانی عێراق بێت، لە بودجەی 2027دا دەبێت پشكی كورد 14.14% رەوانە بكرێت، ئەمە تەنیا قسەی نافەرمی نییە، بەڵكو بەژمارەكان بەڵگەی سەرەكی ئەو پشكەن.

لە سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی عێراق كە ساڵی 2024 ئەنجام درا، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بریتیبوو لە شەش ملیۆن و 519 هەزار و 129 كەس كە دەكاتە رێژەی 14.14%ی كۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق.

ئەمە بەڵگەیەكی فەرمییە كە عێراق خۆی سەرژمێری گشتیی كردووە و ئەو رێژەیە دروست كراوە، هەرچەندە لەماوەی ساڵانی ڕابردوویشدا لە بابەتی بودجەدا ستەمی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، زانا محەمە شارەزایی ئامار و داتا، بۆ “وشە” گوتی، بەپێی سەرژمێری گشتیی عێراق ئەوە بۆ هەرێمی كوردستان یەكلا بووەتەوە كە لە هەموو بەش وەرگرتنێكدا لە عێراق دەبێت حیسابی 14.14%ی بۆ بكرێت.

روونیشی كردەوە كە سەرژمێری وەك بەغدا خۆی رایگەیاندبوو ئامانجی سیاسیی و گۆڕینی دیمۆگرافی نییە، بەڵكو بۆ پلاندانان و پەرەپێدانی ئابووری وڵات سوودێ‌ لێ‌ وەردەگرێت، بۆیە سەرباری ئەو بەڵگەی سەرژمێری چەندان بەڵگەی تری نووسراوی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان هەن كە ئەوە دەسەلمێنن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاندبوو بەكۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران سوورن لەسەر ئەوە كە دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان 14.14% بێت لە بودجەدا و بە پێچەوانەوە رەتی دەكەنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *