محمد ڕەمەزان عەلى
ئەوەی لەم هەرێمە سێ پارێزگاییەی ئێمەدا رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین لەسەر ئەم دوو ئیدارەییە، بڕوا بکەن مەگەر بەس لە فەنتەڵۆس هەبێت! سەیری ئەم نموونانە بکەن، لە هەولێر فەرمانی گرتن بۆ بەرپرسێکی سلێمانی دەردەچێت بە تۆمەتی تیرۆر، کەچی لە سلێمانی دەکرێتە پاڵەوان و مووچەکەشی لە وەزارەتی دارایی هەولێرەوە بۆ دەچێت! بەرپرسێکی هەڵاتووی زۆنی سەوز حوکمی گرتنی هەیە، کەچی لە زۆنی زەرد پۆستی باڵای پێ دەدرێت و دەبێتە حاکم بەسەر خەڵکدا! لەسەر شاشەکان شەڕی دژایەتی یەکتر و سەربەخۆیی ئیدارە دەفرۆشنەوە بە خەڵک، کەچی لە تاریکیدا کۆمپانیاکانی هەردووکیان پێکەوە نەوتی قاچاخ و داهاتی مەرزەکان لە نێوان خۆیاندا بەش دەکەن!
کێشەی ئێمە تەنها ململانێی هەولێر و سلێمانی و ئاو و کارەبا و دوو ئیدارەیی نیە، کێشەی ئێمە سیستمە کە نیمانە، کێشەی ئێمە بێسەرەوبەرەییەیە لە هەردوو زۆنەکەدا. کێشەی ئێمە بەرپرسەکان و منداڵەکانیانن کە بە تەلەفونێک بۆ حاکم خەڵک دەگرن و سزای ئەدەن جا لە هەولێر بێت یان سلێمانی، کێشەی ئێمە پوری بەرپرس و خاڵۆژنی بەرپرس و ژنی بەرپرسە کە بوون بە خۆرەی خەڵک و لەڕێگای کۆمپانیا وەهمیەکانەوە دەستیان گرتوە بە سەر هەموو خێر و بێری هەردوو دیوی دێگەڵەدا. کێشەی ئێمە نەبوونی متمانەیە بە دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس لەبەر ئەوەی لەبری پارێزگاری سەر و ماڵی هاوڵاتی، پارێزەری سەر و ماڵی بەرپرس و بەچکە بەرپرس و تەنانەت پارێزەری سۆزانیەکانی ژێر بەرپرسیشن!! کێشەی ئێمە بوونی ئەو هەموو خائین و خۆفرۆش و بەعسی و میت و ئیتڵاعاتە زەرعکراوانەن کە لەم دوو زۆنەدا پارێزگاریان لێ دەکرێت لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە، کێشەی ئێمە بوونی ئەو هەموو گروپە سەرانە وەرگرانەن کە گەر لێیان بکۆڵیتەوە یا پاسەوانی بەرپرسی زەردن یا سەوزن، یا خزمی بەرپرسن.
هاوار بۆ بە دامەزراوەیی و کۆتاییهێنان بەم دوو ئیدارەییە بکەن، هاوار بۆ یەکگرتنی هێزە پەرتوبڵاو و گرووپە میلیشیاکانی هەردوو حیزب بکەن، ئەوانە وەک بۆمبی تەوقیتکراون هاکا شارەکانیان کرد بە گۆڕەپانی تەسفیات و لالەزارێکی دیکەی شەڕی ناوخۆیان ئەنجامدایەوە. هاوار بکەن حزب لە دەسەڵات بچێتە دەر و ئەم دابەشبوونە قێزەونە کۆتایی بێت، هاوار بکەن ئەندازیار و دکتۆر و فەرمانبەر و وەزیر و بەڕێوبەر و بەرپرسی گەندەڵ و نابەرپرسی هەردوو شارەکە سزا بدرێت، دادگا ببێت بە دادگای گەل و لە ژێر چنگی منداڵە لوسکەی بەرپرس و پور و خاڵۆژن و ئامۆژنی بەرپرسەکانی هەولێر و سلێمانی بهێندرێتە دەر. هاوار بکەن وێنەی سەرۆک خێڵە پیرۆزکراوەکانی ناو فەرمانگەکانی هەردوو زۆنەکە دابگیرێن، هاوار بکەن زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگاکان لە ڕێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکاران و حزبیەکان پاکبکرێتەوە، هاوار بکەن ڕێکخراوە بە ناو خێرخوازییەکانی بنەماڵەکان دابخرێن و با حکومەتێکی یەکگرتوو بە ئەرکی خۆی هەستێت نەک بەخێر و سەدەقە بڕۆن بە ڕێگادا، ئەوکات ئینجا دەتوانین بڵێین ئێمەش هەنگاو بەرەو دامەزراوەیی و کۆتاییهێنان بەم شکستە هاوبەشەی دوو ئیدارەیی دەدەین.














Leave a Reply