ڕاستگۆ محمد سەعید
کاتێک هێزێکی چەکدار دەسەڵاتی ڕەهای پێ دەدرێت بەبێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەک چاودێری بکات یان دادگایەک بتوانێت لێپرسینەوەی لێ بکات، ئەوا ئیتر باس لە دەوڵەت ناکەین، بەڵکو باس لە دروستکردنی “دڕندەیەک” دەکەین کە لە ژێر جلی قانووندا خەڵک دەخوات! ئەمڕۆ حەشدی شەعبی لە عێراقدا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە نەک هەر لە ڕووی ئەمنییەوە تەواوی وڵاتی قۆرخ کردووە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ ناو جومگە کارگێڕی و ئابوورییەکانیش، بەبێ ئەوەی یەک میکانیزمی لێپرسینەوە یان شەفافیەت هەبێت کە بپرسێت: ئێوە کێن و ئەم پارەیەتان لە کوێ هێناوە؟
مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە حەشد ئێستا تەنها هێزێک نییە لەسەر سنوورەکان، بەڵکو بووەتە “دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا”. بەپێی ئەو یاسا نوێیانەی دەیانەوێت تێیپەڕێنن، میلیشیاکان دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت لێکۆڵینەوە بکەن، خەڵک دەستگیر بکەن و زیندانی تایبەت بە خۆیان هەبێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆ و دادگاکانی عێراق. واتە کاتێک فەرماندەیەکی حەشد بڕیاری ڕفاندنی چالاکوانێک لە کەرکوک یان بەغدا دەدات، هیچ پۆلیسێک یان دادوەرێک ناتوانێت بڵێت ئەمە نایاساییە، چونکە حەشد خۆی بۆتە یاسا! ئەم نەبوونی لێپرسینەوەیە و لاوازیی چاودێرییە، وا دەکات پارەی خەزێنەی گشتی و داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ بچێتە خزمەتی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی ئابووریی سەرکردە میلیشیاکان، کە دواتر ئەو پارەیە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ کڕینی چەک و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد.
لەولاشەوە، ئەی ئەو دامەزراوە ساختانەی کە ناویان لێناوە “پەرلەمان” و “حکومەتی هەرێم”، کە دەبوو چاودێر بن بەسەر ئەم تاڵانکارییەوە، ئیشیان چییە؟ ئەوانیش نوقمی هەمان عەقڵیەتن! هەردوو بنەماڵەی حوکمڕانی کورد (پارتی و یەکێتی) کە خۆیان ٣٥ ساڵە بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە داهاتی نەتەوەیەک دەدزن و دەیخەنە ناو کۆمپانیاکانیانەوە، ناتوانن (و ناشیانەوێت) ڕەخنە لە بێچاودێریی حەشد بگرن. لەبری بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە گەورەیە، ئەوان خەریکی ڕێککەوتنی ژێربەژێرن لەگەڵ هەمان ئەو میلیشیایانەدا، تەنها بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەتوانن پشکی خۆیان لەم ئابوورییە تاریکەی عێراقدا بپارێزن!
دەڵێن: “دەسەڵات مەیلی گەندەڵبوونی هەیە، وە دەسەڵاتی ڕەها بە شێوەیەکی ڕەها گەندەڵ دەبێت.” حەشدی شەعبی ئەمڕۆ خاوەنی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەیە کە هیچ چاودێرییەکی بەسەرەوە نییە، بۆیە بە شێوەیەکی ڕەها وێرانکەر و نامرۆڤانە مامەڵە دەکات.















Leave a Reply