گەنجێكى كورد مۆڵەتی فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی بە دەست دەهێنێت

بینەر: (957)

بڕوانامەی ATPL كورتكراوەی Airline Transport Pilot Licenseە، كە دەكاتە “مۆڵەتی فڕۆكەوانی هێڵی ئاسمانی”، لەلایەن گەنجێكی كوردەوە بە دەست هێنرا.

ئەم بڕوانامەیە بە بەرزترین ئاستی مۆڵەتی فڕۆكەوانی دادەنرێت كە فڕۆكەوانی مەدەنی دەتوانێت لە دنیادا بەدەستی بهێنێت. هەر كەسێك ئەم مۆڵەتە بەدەست بهێنێت، لە ڕووی یاساییەوە شایستە دەبێت بۆ لێخوڕینی فڕۆكە گەورەكان، وەك كاپتن یان یاریدەدەری فڕۆكەوان (First Officer) لە هێڵە ئاسمانییە گەورەكاندا.

جودی تەیار ئەو گەنجەیە و بۆ “وشە” گوتی، گرنگترین تایبەتمەندییەكان و مەرجەكانی مۆڵەتیATPL ، بەرپرسیارێتیی سەركردایەتییە و مافی تەواوت پی َدەدات بۆ سەركردایەتیكردنی فڕۆكە گەورەكان، كە بزوێنەری جێت یان توربینیان هەیە و بۆ گواستنەوەی سەرنشین یان بار لە سەرانسەری دنیادا بەكار دێن.

روونیشی كردەوە كە بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە، بەشێوەیەكی گشتی پێویستی بە تێپەڕاندنی تاقیكردنەوەی تیۆری قورس هەیە وەك نەویگەیشنی پێشكەوتوو، كەشوهەوا، سیستمی فڕۆكە و یاساكانی فڕۆكەوانی، لەگەڵ كۆكردنەوەی كەمترین سەعاتەكانی فڕین بە زۆری هەزار و 500 سەعاتی فڕینی باوەڕپێكراو، بەپێی ستانداردەكانی ڕێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی ICAO یان دەزگاكانی وەك FAA و EASA).

باسی لەوە كرد كە جیاوازیی ئەو مۆڵەتە لەگەڵ مۆڵەتی CPL مۆڵەتی فڕۆكەوانیی بازرگانی، ڕێگەت پێ دەدات وەك فڕۆكەوان كار بكەیت و مووچە وەربگریت، بەڵام بەزۆری سنووردارە بە فڕۆكەی بچووكتر یان وەك یاریدەدەر، لە كاتێكدا ATPL مەرجی سەرەكییە بۆ ئەوەی ببیت بە “كاپتنی فڕۆكە” لە هێڵە ئاسمانییە گەورەكاندا.

وشە/ فەیسەڵ شێخانی

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *