کەشناسێک: پلەکانی گەرما ڕەنگە تا دوو پلەی تر بەرز ببنەوە

بینەر: (255)

ئەمڕۆ دووشەم 3ی ئابی 2026، سادق عەتیە، پێشبینیکاری کەشوهەوا ڕای گەیاند کە پێنج ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵ بوون لە مێژووی تۆمارکراوی کەشوهەوادا، و ساڵی 2024یش وەک گەرمترین ساڵ ڕیکۆردی شکاندووە. ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی خێرابوونی گۆڕانکاریی کەشوهەوایە و پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما لە ساڵانی داهاتوودا دەکات.

عەتیە لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، کە نوێترین داتاکانی تێکڕای پلەی گەرمای ڕووی زەوی، بەراورد بە ڕێژەکانی پێش شۆڕشی پیشەسازی (1850-1900)، دەریانخستووە کە ساڵی 2024 گەرمترین ساڵ بووە، دوای ئەوەی تێکڕای گەرمبوونی جیهان گەیشتووەتە 1.53 پلەی سەدی لە سەرووی ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازییەوە، و یەکەم ساڵە کە ئەم ئاستە لەسەر بنەمای تێکڕای ساڵانە تۆمار دەکات.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، پێشبینییەکانی کەشوهەوا، کە لەسەر بنەمای نوێترین مۆدێلە جیهانییەکان و سیناریۆکانی پەرەسەندنی دیاردەی “ئەلنینۆ” و هۆکارەکانی تری کەشوهەوا دانراون، ئاماژە بە بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکەن، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی کە هەندێک ساڵ تا ساڵی 2027 بەرزبوونەوەی نائاسایی بەخۆیانەوە ببینن کە ڕەنگە لە 1.7 تا 2.0 پلەی سەدی لە سەرووی ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازییەوە نزیك ببنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، وێنە هێڵکارییەکە کە لەلایەن “The Climate Brink”ەوە دەرچووە، بەردەوامبوونی خێرابوونی دیاردەی گەرمبوونی جیهان و دووبارەبوونەوەی تێپەڕاندنی ئاستی 1.5 پلەی سەدی نیشان دەدات، کە ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا وەک سنوورێک دیاری کردبوو کە نابێت تێپەڕێنرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیدارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *