زانایانی شوێنەواری لە ئەمەریكا، پەیكەرەئێسكی دایناسۆرێكیان دۆزیوەتەوە كە بارتەقای “قەل- عەلەشیش”ێك دەبێت و ددانی نییە، هەروەها سەری بە تووتی دەچێت و دەنووكی هاوشێوەی تووتی خوارە. باس لەوە دەكەن كە ئەو جۆرە دایناسۆرە 66 ملیۆن بەرلە ئێستە ژیاوە، ئێستەیش ناوی “مریشكی دۆزەخ”یان لێ ناوە.
پێگەی “عەرەبیە” رۆشنایی خستووەتە سەر دۆزینەوەی ئەو دایناسۆرە كە میدیاكانی ئەمەریكا بەفراوانی كردوویانەتە هەواڵ. زانایان لە شوێنە شوێنەوارییەكانی ویلایەتی مۆنتانا و نۆرس داكوتا، ئەو پەیكەرەئێسكەی دایناسۆرەكەیان دۆزیوەتەوە و باس لەوە دەكەن، دایناسۆرەكان بەوە ناسراون كە بەهیچ شێوەیەك میوە ناخۆن، كەچی ئەمە تاكە دایناسۆرە كە ژیانی لەسەر خواردنی میوە بووە. 66 ملیۆن بەرلە ئێستە ژیاوە كە ئەوكات دوا قۆناغی نەمانی دایناسۆرەكان بووە.
لەبارەی خواردنی میوە لەلایەن ئەو دایناسۆرەوە زانایان دەڵێ، لەبەرئەوەی تاكە دایناسۆرە میوەی خواردووە، ناویان لێ ناوە “ئینڤرنۆجالوس جێمسی” و بۆ سەردەمی تەباشیری دەگەڕێتەوە، جۆری دەنووك و مەڵاشووەكانی بەشێوەیەك بووە كە توانیویەتی خواردنە نەرمەكان بخوات وەك میوەكان. وشەی “ئینڤرنۆجالوس” بە واتای “مریشكی دۆزەخ” دێت.
لەبارەی ئەو جۆرە دیناسۆرە باس لەوە دەكرێت، درێژییەكەی مەترێك و نیو بووە، كێشیشی زیاتر لە 11 كیلۆ بووە، كاتێك پەیكەرەئێسكەكە دۆزراوەتەوە، لە چەندان پارچەی ئێسك پێكهاتوون، بەڵام دیار نییە ئایا “تووك- پەڕ”ی هەبووە یان نا، بەڵام زانایان بۆچوونیان وایە ئەویش وەك باڵندەكانی تر دەبێ پەڕی هەبووبێت.
دواتریش تۆماس دادجۆن كە توێژینەوەكەی لە مۆزەخانەی ئۆتاریۆی پاشایی لە تۆرۆنتۆ ئامادە كردووە و دەڵێت، پێشتر چەند جارێك باس لەوە كراوە كە هەندێك دایناسۆر خواردنیان میوە بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لە بەردەست نەبووە، بە دۆزینەوەی ئەو دایناسۆرە دەبێتە بەڵگەیەكی دروست بۆ دایناسۆری میوەخۆر.
















Leave a Reply