ژمارەی مردن بەهۆی پەتای ئیبۆلاوە گەیشتە زیاتر لە دوو هەزار كەس

بینەر: (1.7K)

بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن دەسەڵاتی تەندروستیی كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای ئیبۆلاوە بڵاو بوونەتەوە، ئاماژە دەدەن كە بڵاوبوونەوەكە زۆر خێرایە، لە هەفتەی رابردوودا ژمارەی مردن نەگەیشتبووە هەزار و 500 كەس، كەچی ئێستە دوو هەزار كەسی تێپەڕەندووە. ئەوەیش بەرزترین دەنگ و زەنگی مەترسییە بۆ پەتاكە و بڵاوبوونەوەی زیاتری.

پێگەی “شەفەق نیوز” پشتی بەو ئامارانە بەشتووە كە دەسەڵاتی تەندروستی كۆنگۆ بڵاوی كردووە كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەیە. بەپێی ئامارەكە ئەوەی تا دوێنێ سێشەم لەو وڵاتە تووشی پەتاكە بووە، گەیشتووەتە چوار هەزار و 381 كەس. ئەوانەی بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 11 كەس. هاوكات ئێستە 704 حاڵەتی دڵنیاكەرەوە كە تووشی ڤایرۆكە بوون لە نەخۆشخانەكان كەوتوون و لە كەرەنتینەدان.

بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە كۆنگۆ بۆ سێ مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە كە پێنج كەرتی لە وڵاتەوە گرتووەتەوە، ئەویش 15ی ئایار زیاتر پەتاكە دەركەوت، لە نۆ هەفتەی سەرەتاوە ژمارەی مردن گەیشتە زیاتر لە هەزار كەس، بەڵام بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی لە وڵاتەكە، لە سێ هەفتەی رابردووەوە تا ئێستە زیاتر لە هەزار كەسی تریش بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.

پسپۆرانی تەندروستیی وڵاتەكە ئاماژە بەوە دەدەن كە زۆربەی ئەوانەی تووشی پەتاكە بوون و گیانیان لە دەست داوە، زیاتر لە ناوچە دوورەدەستەكانن كە درەنگتر دەگەنە نەخۆشخانەكان.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دووشەمی رابردوو رای گەیاند، راستییەكەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە مانگی شوباتی رابردووەوە دەستی پێ كرد كە ئەوكات ئاشكرا نەكرابوو، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەست و هەژارەكان، بۆیە زیاتر لە مانگی ئایارەوە بە روونی دەركەوت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *