پێگەی جیروسلام پۆست ئەو لایەنانە ئاشكرا دەكات كە برەو بە فۆبیای كورد و جوو دەدەن

بینەر: (1.1K)

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیل، هیچ كاتێك وڵاتانی عەرەبی و توركیا و ئێرانیش، كورد و جوویان لە ناوچەكە وەك دوو نەتەوە نەبینیوە و هیچ كاتێكیش وەك مرۆڤی پلە یەك قبووڵیان ناكەن.

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیل، كێشەی كورد و جوو لە ناوچەكە وەك یەكە، چونكە رووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەكە بوونەتەوە و ئەو وڵاتانەش هەوڵی سڕینەوەیان داوە.

بەپێی راپۆرتەكە تا ئەو كاتەی توركیا و قەتەر بەردەوام بن لە دەستوەردان لە كاروبارە ناوخۆییەكانی سووریا، مەترسییەكان لەسەر پێكهاتەكانی وەك كورد، درووز و عەلەوییەكان بەردەوام دەبێت.

بەپێی راپۆرتی ئەو دەزگایە، هەموو شۆڕشەكانی كورد بەهۆی ئەوەوە بووە كە نكۆڵی كورد لە ناوچەكە كراوە و بەردەوام وڵاتانی عێراق و سووریا و توركیا و ئێران هەوڵی سڕینەوەیان داون، بۆیە جگە لە بەرگریی كورد، هیچ رێگەیەكی لە بەردەمدا نەماوە.

وەك لە راپۆرتەكەی جیروسلام پۆستدا هاتووە، دوای دژە-سامی بوون، كوردۆفۆبیا (ترس لە كورد)، بەربڵاوترینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئێران و توركیا لە كورد زیڕەیان كردووە و بەدرێژایی چەندان دەیە راگەیاندن و پەروەردە و ئاین و چەندان رێگەیان دژیان بەكار هێناوە.

ئەو دامەزراوەیە ئاماژەش بەوە دەكات كە ئەو وڵاتانە بەتایبەت توركیا و ئێران، گرووپە ئاینی و سیاسی و چەكدارەكانیان ئێستە لە ناوچەكە دژ بەكورد و جوو بەكار دێنن، باسی لەوەش كردووە كە توركیا ئیخوان موسلمین و هەموو گرووپە ئیسلامییەكانی تر دژی كورد بەكار دێنێت.

“میدیاكانی ئیخوان موسلمین، زۆرجار بانگەشەی دژە كورد بۆ بێبەهاكردنی بزووتنەوە كوردییەكان بڵاو دەكەنەوە و بە دوژمنی دەرەكییان دەزانن، هەر ئەوان ئیسرائیل بە دوژمنی دەرەكی خۆیان دەزانن، واتە كورد و ئیسرائیل هاوتای یەكدەكەن”.

كورد لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان، هەموو كات تیڕوانینێكی ئەرێنییانەیان بەرانبەر جووەكان و دەوڵەتی ئیسرائیل هەبووە، بەراورد بە كۆمەڵگەكانی تری عەرەبی، ئەو تێڕوانینە رەگێكی مێژوویی هەیە لە مێژوویەكی هاوبەشی رەتكردنەوە و جیاكاری لەلایەن كۆمەڵگە عەرەبییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە هەردوو گەلی كورد و جوو بە یەكسانی، رقی كۆمەڵگەی عەرەبییان بەسەردا باریوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەكەی جیروسلام پۆست.

لە كۆتاییدا جیروسلام پۆستی ئیسرائیل دەڵێت: كاتی ئەوەیە ئیسرائیل پاڵپشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بكەن، چونكە ئامانجی هاوبەش و رابردووی هاوبەشمان لەگەڵ كورد هەیە و كوردیش هیچ كاتێك دژی ئیسرائیل نەبووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *