دوای ئەوەی لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەستێكی كاتیی دوو هەفتەیی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا هاتە راگەیاندن، شەمووی رابردوو شاندی باڵای هەردوو وڵات لە ئیسلام ئاباد لە پاكستان دەستیان بە دانوستانی راستەوخۆ كرد، بەڵام دوای 21 سەعات لە گفتوگۆ، ئەوان بەهیچ نەگەیشتن، شارەزایان باسی ئەگەری دەست پێكردنەوەی شەڕیان كرد، سەرۆك وەزیرانی پاكستان دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە ئاگربەستەكە بەردەوامە.
محەمەد شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند كە ئاگربەستەكە تا ئێستە بەردەوامە و كار لەسەر نەهێشتنی بەربەستەكان دەكەین كە لە یەكەم گەڕی دانوستانەكان لە نێوان هەردوو وڵات بەدیار كەوتن.
لای خۆیانەوە دوو سەرچاوەی پاكستانی ئاماژەیان كرد كە ئاگربەستە كاتییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران تا 21ی ئەم مانگە بەردەوامە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە و دوورخستنەوەی لە دەست پێكردنەوەی شەڕ.
ئەمڕۆ دۆخی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكانی ئەمەریكا ئاراستەیەكی تری وەرگرت، كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەكانی بە سەپاندنی گەمارۆی سەربازی بەسەر هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و بەندەرەكانی ئێران خستە بواری جێبەجێكردن، لە سیناریۆیەكی هاوشێوەی ڤەنزوێلا، بۆ ناچاركردنی ئێران بۆ سازشكردن لە دانوستانەكان، بەر لە دەست پێكردنەوەی گەڕێكی تری شەڕ، كە بە شێك لەو وڵاتان داوای درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەستە كاتییەكە دەكەن.
















Leave a Reply