ئەمڕۆ یەکشەم 23ی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە ئاگادارییەکی تونددا، تەواوی دوکاندار و فرۆشیارانی سنوورەکەی ئاگادار کردەوە کە بەبێ ڕەزامەندیی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار، پڕکردنەوەی باڵانس و زیادکردنی پارە بۆ هەژماری یارییە ئەلیکترۆنییەکانی منداڵان قەدەغەیە، و هەر کەسێک سەرپێچیی ئەو بڕیارە بکات ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، عەقید سۆران محەمەد غەریب گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕای گەیاند، ئاگاداریی هەموو دوکانداران و فرۆشیارانی سنووری گەرمیان دەکەنەوە کە لە بواری فرۆشتن و زیادکردنی پارە بۆ هەژمارەکانی یاری و ئەپەکان کار دەکەن، لەوانە (ڕۆبلۆکس، پەبجی، پلەیستەیشن، تیکتۆک، ماینکرافت، دۆمینە) و هەموو یاری و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی تر کە منداڵ و مێردمنداڵان بەکاری دەهێنن، دەبێت پابەندی ڕێنوێنییە نوێیەکان بن.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دووپاتی کردەوە، هەر دوکاندارێک بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵەکە، هیچ پارەیەک بۆ هەژماری ئەوان زیاد نەکات. هەروەها هۆشداری دەدات کە ئەگەر هەر دوکاندارێک بێ ڕەزامەندیی کەسوکاریان پارە بۆ هەژماری منداڵێک زیاد بکات، لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا بەپێی یاسا مامەڵەی توندی لەگەڵ دەکرێت.
















Leave a Reply