ڕووداوێکی دڵتەزێن لە نەینەوا: زاوا یەک ڕۆژ پێش ئاهەنگەکەی بەهەڵە کوژرا

بینەر: (248)

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئۆکتۆبەر، سەرچاوەیەکی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا ڕای گەیاند، گەنجێکی تەمەن بیستەکان کە بڕیار بوو سبەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی بێت، لە کاتی ئاهەنگی “خەنەبەندان” لە شارۆکەی زوممار لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگاکە، بەهەڵە لەلایەن ئامۆزایەکیەوە بە فیشەک کوژرا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ڕووداوەکە لە گوندی ئەبو وەجنە لە شارۆکەی زوممار لە کاتی کۆبوونەوەی خزمان و ئامۆزاکان بۆ ئاهەنگی خەنەبەندانی زاواکە ڕووی داوە، کە ئامادەکاری بووە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی کە بڕیار بوو سبەی هەینی بەڕێوە بچێت.

ڕوونیشی کردەوە، لە کاتی خۆشیگێڕان و تەقەکردن بەبۆنەی ئاهەنگەکەوە، بکوژەکە کە کارمەندێکی پۆلیسە، دەمانچەی براکەی هەڵگرتووە بەو پێیەی وای زانیوە هیچ فیشەکێکی تێدا نییە، بەڵام بەهەڵە فیشەکێکی لێ دەرچووە و بەر ئامۆزاکەی کە خاوەنی ئاهەنگەکە بووە کەوتووە، بەو هۆیەوە دەستبەجێ لەبەردەم ئامادەبوواندا گیانی لەدەست داوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *