پزیشكیان: دانوستان دەكەین و گۆڕەپانی شەڕیش چۆڵ ناكەین

بینەر: (921)

دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئێران مووشەكبارانی ئیسرائیلی كرد و ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە، مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە وڵاتەكەی لە دانوستاندایە بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام گۆڕەپانی شەڕ جێناهێڵێت، ئەوەش دوای هێرشەكانی تاران و تەلئەبیب بۆ سەر یەكتر.

پزیشكیان لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، بەرگریكردن و دیپلۆماسیەت دوو كۆڵەكەی هێزی نیشتمانین، ئێمە نە گۆڕەپانی شەڕ و نە مێزی دانوستانمان چۆڵ نەكردووە، ئەو قسانەی سەرۆكی ئێران دوای راگەیاندنی ئێران هات بە وەستانی هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل.

لای خۆیەوە بارەگەی خاتەمولئەنبیای ئێرانی، كە ژووری سەرەكیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئێرانە، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە تاران وەڵامێكی بە ئازاری هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلی دایەوە، ئێستەش وەستانی هێرشەكان رادەگەیەنێت، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی هێرشەكانی دوژمن، لەوانە لە باشووری لبنان، رێوشوێنی توندتر وەردەگرین.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *