پاكستان لە بەردەم بژارەی پشتیوانیی سعوودیە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران

بینەر: (815)

سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی پاكستان بەردەوام دووپات لەوە دەكاتەوە، گرنگی بە پاراستنی شانشینی سعوودیە دەدات، بەڵام هیچ ڕۆڵێكی هێرشبردنی لە جەنگی درێژخایەن و بەردەوامی حووسییەكانی هاوپەیمانی ئێران بۆ سەر سعوودیە نەبووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئیسلام ئاباد بە تەواوی لە ڕووی ئابوورییەوە پشتی بە وڵاتانی كەنداو بە گشتی و سعوودیە بەتایبەتی بەستووە.

لە نۆی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، پاكستان ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەككەی لەگەڵ سعوودیە و توركیا واژوو كرد و هێزەكانی لە سعوودیە بڵاو بوونەتەوە، لە پەراوێزی پەرەسەندنی پێكدادان و گرژییەكان لەگەڵ حووسییەكان، بەڵام ئەركی هێزەكانی بە تەواوی بەرگرییە و هیچ هەنگاوێكی بۆ هێرشكردنە سەر حووسییەكان نەناوە.

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، پاكستان ڕووبەڕووی دووڕیانێكی ستراتیجی قورس بووەتەوە، بەهۆی پەرەسەندنی هێرش و پێكدادانەكان لە نێوان سعوودیە و حووسییەكان، دەیەوێ خۆی ناچار بكات كە هاوسەنگییەكی ورد لە نێوان هەردوولا ڕابگرێ و لەلایەكەوە پابەندی بەرگریی هاوبەش بێ لە سعوودیە بەگوێرەی ڕێككەوتنی مەككە، لەلایەكی تریشەوە ترسی هەیە بخزێنرێتە ناو جەنگ لە دژی حووسییەكانی هاوپەیمانی ئێران، ئەمەیش پێوەندییەكانی ئیسلام ئاباد و تاران بە تەواوی تێكبدات.

بژارە قورسەكە بۆ ئیسلام ئاباد نزیك بووەتەوە، دوای ئەوەی وەزیرانی دەرەوە و سوپاسالاری سعوودیە و پاكستان و توركیا لە پێنجی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە ڕیاز كۆبوونەوە، تاوتوێ بڵاوەپێكردنی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا و بەرگریان لە وڵاتەكە كرد، ئەو ڕێوشوێنانەیش وەك پابەندییەكی ڕێككەوتنی مەككە هەژمار دەكرێ كە بە ڕوونی ئاماژەی داوە، هەر هێرشێكی چەكداری بۆ سەر هەر یەكێك لەو سێ وڵاتە، وەك هێرشە بۆ سەر هەر سێ وڵات.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، نیگەرانییەكانی پاكستان دوو هێندە زیاد بووە، بەهۆی ئەوەی 2.5 ملیۆن هاووڵاتیی پاكستانی لە سعوودیەن و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێ، ئەگەر هێرشەكانی حووسییەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر بێت، بەوهۆیەوە زانیارییەكان باس لە ئەگەری بەشداریی فڕۆكە جەنگییەكانی پاكستان لە بۆردمانكردنی ئامانجەكانی حووسییەكان دەكەن، بەڵام وەزارەتی ڕاگەیاندنی پاكستان ئەمەی بە درۆ خستەوە و بە ساختە ناوی برد.

پاكستان دەیەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێرانی دراوسێی بە پارێزراوی بهێڵێتەوە كە سنوورێكی درێژ بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە، لە بەرانبەردا گوشارەكانی سعوودیە بۆ سەر ئەو وڵاتە بە ئامانجی پشتیوانیكردنی سعوودیە و بۆردمانكردنی حووسییەكان زیاتر و زۆرتر دەبێت.

شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان و فەرماندە باڵاكانی سوپای ئەو وڵاتە، هەوڵی خۆ بەدوورگرتن لە چوونە ناو جەنگی دەرەكی دەدەن، چونكە بە بڕوای ئەوان ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشە لەسەر دۆخی ناوخۆی وڵات، هەروەها لە 2015یش پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیارێكی دەركرد و تێیدا بەشداربوونی پاكستان لە جەنگی دەرەكی قەدەغە كردووە، ئێستەیش بەرەی بەرهەڵستكار لە ناو پەرلەمان بەردەوام لە ناڕەزایی دەردەبڕن، بەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستە دەیانەوێ وڵات بكەن بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی ناوچەكە.

كاتێك لە نیسان/ئەپریلی ڕابردوو پاكستان لە هەوڵدا بوو تا بۆشایی دارایی و كورتهێنان بە گوژمەی سێ ملیار دۆلار پڕ بكاتەوە، سعوودیە بە پەلە گورزێك یارمەتی دارایی بە پەلەی پێشكەشی ئەو وڵاتە كرد، ئەمەیش وایكردووە دەسەڵاتی پاكستان بە تەواوی پشت بە خێزانی شاهانەی سعوودیە ببەستن لە رووی ئابووری و داراییەوە.

لە بەرانبەردا حووسییەكان مووشەكیان گەیاندە فڕۆكەخانەیەكی ڕیاز و بەردەوامن لە هێرشی مووشەكی و درۆن بۆ سەر سعوودیە، سەرەڕای ئەوەی ڕیاز لە ڕووی داراییەوە بە كەڵكی ئیسلام ئاباد هاتووە و ڕێككەوتنی بەرگری هاوبەشیش لە نێوانیان هەیە، بەڵام چەند مانگێكە ئیسلام ئاباد خۆی بە دوور گرتووە و نایەوێ بچێتە ناو جەنگەكەوە، بەهۆی ئەوەی بەرهەڵستی زۆر لە ناوخۆی وڵات بەرانبەر بە تێوەگلانی ئیسلام ئاباد لە جەنگی نێوان سعوودیە و حووسییەكان هەیە.

هەرچەندە شەهباز شەریفی سەرۆك وەزیرانی پاكستان دووپاتی كردەوە، ئیسلام ئاباد پابەندە بەوەی ڕێز لە سەروەری سعوودیە و یەكێتیی خاك و سەلامەتی و ئاسایشی وڵاتەكە بگیرێت، دوای هێرشە مووشەكییەكە كە بووە هۆی كوشتنی 13 كەس و سەتان هاووڵاتیی تر لە فڕۆكەخانەی مەلیك خالیدی نێودەوڵەتی لە ڕیاز.

پێشتر ئیسلام ئاباد هێزی سەربازی و ڕاهێنەری ڕەوانەی سعوودیە كردووە، دوای یارمەتییە داراییەكان، گورزێك فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەوانی پاكستانیش گەیشتوونەتە سعوودیە تا وڵاتەكە لە مووشەك و درۆنی ئێرانی بپارێزن، بەڵام حكوومەتی پاكستان دەیەوێ بە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی یارمەتی سعوودیە بدات و جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئێران كۆتایی پێ بهێنێت. بەڵام دروستبوونی پێكدادان لە نێوان سعوودیە و حووسییەكان بەرەی جەنگەكەی فرەوانتر كرد و تا ئێستەیش ئەو وڵاتە خۆی بە دوور گرتووە لە بۆردمانكردنی حووسییەكان.

ئەعجاز حەیدەر نووسەر و پسپۆر لە سیاسەتی دەرەوەی پاكستان گوتی، كاتێك بەرەی یەمەن لە جەنگەكە كرایەوە، پاكستان ئێستە خۆی لە نێوان دوو بژارە دەبینێتەوە كە هەردووكیان دژی یەكترن و قورسە بتوانرێ هاوسەنگی لە نێوان هەردوو بژارەكە ڕابگیرێت. لەلایەكەوە پاكستان پێویستی بە پشتیوانی دارایی و ناردنی دەستی كارە بۆ سعوودیە، لە دیوێكی ترەوە خواستی هەیە ئەو پێكدادانە قورسەی لە یەمەن بوونی هەیە و سعوودیەیشی گرتووەتەوە كۆتایی پێ بهێنێت.

لە چەند مانگی ڕابردوو عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان، گوشاری توندی لەسەر سەركردەكانی ئێران دروست كرد، تا ڕێ لە حووسییەكان و میلیشیاكانی ئێران لە عێراق بگرن، سعوودیە بكەنە ئامانجی خۆیان، بەڵام دواجار گوشارەكان تەنیا وادەی هێرشەكانیان دواخست و نەیاتوانی ڕێگریی یەكجارەكی لێ بكەن.

عومەر كەریم توێژەر لە كاروباری پاكستان و سعوودیە لە زانكۆی بێرمنگهام گوتی، هەوڵەكانی پاكستان بۆ چارەسەری تەنگژەكە بە ڕێگەی دیپلۆماسی شكستی هێنا و بەلای كەمەوە دۆخەكە بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، دوای ئەوەی داوای لە ئێران كرد حووسییەكان بوەستێنن، ئێستە ئێران و پاكستان دوو جەمسەری دژ بەیەكن لە یەمەن، بەڵام بەریككەوتن لە نێوانیاندا ڕووی نەداوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *