هەڵوێستی میلیشیاكانی عێراق بەرانبەر بە هێرشەكانی ئێران و ئیسرائیل چی بوو؟

بینەر: (56)

شەوی رابردوو جارێكی تر شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ كردەوە، كاتێك ئێران مووشەكبارانی خاكی ئیسرائیلی دەست پێ كرد و ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە، ئەگەرچی شەڕەكە زۆری نەخایاند و ئەمڕۆ هاتە وەستان، بەڵام میلیشیاكانی عێراق جموجۆڵێكی نائاساییان پێوە دیار بوو و خۆیان بۆ ئەگەری چوونە ناو شەڕەكە ئامادە كرد.

دوای هەڵگیرسانی شەڕەكە، لە بەغدا مەترسیی ئەوە دروست بوو كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران بچنە ناو هێرشەكانەوە، لەناو چەند ئاماژەیەكی مەیدانی و خۆسازدانی هەندێك لە میلیشیاكانی نزیك لە سوپای پاسداران، چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان كرد كە میلیشیاكان كەوتنە ناو حاڵەتێكی خۆسازدانی نائاسایی، بەتایبەتی كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبا، لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوور هەندێك بارەگایان چۆڵ كرد و لە شوێنی تر بڵاو بوونەوە، خۆیان بۆ پەرەسەندنی دۆخەكە ئامادە كرد.

غالب دەعمی مامۆستای زانكۆ دەڵێت، لە سایەی پەرەسەندنە سەربازییە خێراكان، عێراق لە دۆخێكی زۆر شلۆقدایە، چونكە بەردەوامیی شەڕەكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری و تەناهی و سیاسیی عێراق دەبێت، بودجەی عێراق بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە هەر پشێوییەك لە ناوچەكە یان هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر هەناردنی نەوت بە شێوەیەكی مەترسیدار رەنگدانەوەی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، جیا لەو دۆخە نیگەرانییەی بازاڕەكانی عێراق و كۆمپانیا و وەبەرهێنەران تیایدا دەژین.

روونی كردەوە، ئەگەر شەڕ فرەوان بێت، سیاسەتی خۆبەدوورگرتن سوودی نابێت، چونكە تەواوی ناوچەكە بەرەو پەرەسەندن دەچێت چەند لایەنێك دەچنە ناو شەڕەكە وەك حوسییەكان و ژمارەیەك میلیشیا لە عێراق و لبنان، بۆیە حكوومەتی عێراق رووبەڕووی ئاڵنگارییەكی زۆر سەخت بووەتەوە لە نێوان سەقامگیریی ناوخۆیی و رێگرتن لە رووچوونی وڵات بۆ ناو شەڕ لەگەڵ گوشارە سیاسی و سەربازییەكانی پێوەست بە پێوەندیی هەندێك لە میلیشیاكان لەگەڵ ئێران.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *