بەهۆی هەڵكشان و ناجێگیریی دۆلار و هاتنی سەرما و باران، نرخی نەوتی ماڵان 40 هەزار گرانتر بووە و ئێستە نرخەكەی گەیشتووەتە 315 هەزار.
ناجێگیری دۆلار هەموو شتی بازاڕی لە شوێنی خۆی جووڵاندووە و نرخی نەوتی سپی ماڵانیشی بەرز كردەوە.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەكانی هەولێر، بەرمیلی 200 لیتری بە 315 هەزارە، بەراورد بەهەفتەی پێشوو 40 هەزار بەرز بووەتەوە.
ئێستە كە وەرزی باران دەستی پێ كردووە و ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان نەوتیان پێویستە، خواست لەسەر نەوت زۆر بووە و بەشێكی بەهۆی ئەوەوە گران بووە.
بڕیار بوو لەم مانگەدا نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی “وشە” حكوومەت عێراق هێشتا بڕیاری ناردنی نەوتی بۆ كوردستان نەداوە.
پارێزگاری هەولێر نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە پەلە بكرێت لە دابینكردنی نەوت، بەڵام هێشتا وەڵامی نووسراوی پارێزگاری هەولێر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانەوە نەدراوەتەوە.
بەگوتەی شارەزایانی بازاڕی نەوت، ئەگەر لە ماوەیەكی نزیكدا دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەست پێ نەكات، نرخی یەك بەرمیل نەوتی بازرگانی دەگاتە 400 هەزار دینار.
كوردستان بەهۆی ناوچە شاخاوییەكانیەوە زووتر لە شارەكانی عێراق سەمای دەگاتێ، بۆیە پێویستە زووتر نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش بكرێت.
















Leave a Reply