مامۆستایەكی راگەیاندن بۆ رۆژنامەنووسان: ڕێگە نەدەن هیچ بەرپرسێک بێڕێزی بە مایکەکاننتان بکات

بینەر: (1.6K)

ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیرانی 2026، بڕیار جەلال مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی، لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بەو سووکایەتییەی بافڵ تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسێکی کردووە، داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد بایکۆتی سەرجەم چالاکییەکان بکەن تا سنوورێک بۆ ئەو بێڕێزییە دادەنرێت.

ئەمڕۆ لە کاتی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە کەنیسەی ماریوسف لە سلێمانی، ڕۆژنامەنووسێک پرسیارێکی دەربارەی “نەوەی نوێ” لێ دەکات، بەڵام تاڵەبانی لە وەڵامدا سووکایەتیی پێ دەکات و بە وشەیەکی نەشیاو پێی دەڵێت “کەی کاتی نەوەی نوێیە حوشتر” و سووکایەتیی پێ دەکات.

لە بەرانبەر ئەم ڕووداوەدا، بڕیار جەلال لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژنامەنووس هەموو کات مافی پرسیارکردنی لە بەرپرسان هەیە، بەداخەوە پیشەی ڕۆژنامەنووسییان هێندە ناشیرین کردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ هەم خەڵک لە ڕۆژنامەنووسان دەتۆرێن، هەم ڕۆژنامەنووسان خۆیان لە پیشەکەیان دەتۆرێن.

مامۆستاکەی زانکۆ زیاتر گوتی، گرنگە ڕۆژنامەنووسان بە بەها و قیمەتی پیشەکەیاندا بچنەوە، کاتی ئەوە هاتووە ڕێگە نەدەن هیچ کەسێک بێڕێزی بە خۆیان و مایکەکانیان بکات، هیچ کەس کۆیلەی کەس نییە.

لە کۆتاییدا داوای کرد، هەقە پەیامنێران لەمڕۆوە بایکۆتی هەموو چالاکییەکانیان بکەن، تا ئەو کاتەی سنوورێک بۆ بێڕێزیکردن بە پیشەکەیان دادەنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *