سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لە قۆناخی كۆتاییدان و سبەی چوارشەم ڕەوانەی بەغدا دەكرێن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە “وشە” ڕای گەیاند: “هەموو هەوڵێك دەدەین كە سبەی چوارشەم لیستەكە و تەرازووی پێداچوونەوە بنێرین، ئەگەر چوارشەمیش نەمانتوانی، بە دڵنیاییەوە ڕۆژی پێنجشەم دەینێرین، بۆ ئەوەی لە بەغدا زوو وردبینییەكەی تەواو بكرێت و بە زوویی مووچەی مووچەخۆران بنێردرێت.”
ئەمە لە كاتێكدایە، تیمی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی، لە پێنجـی تشرینی یەكەمدا لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی ئابی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق كردبوو و پاش ئەوەی لە هەشتـی تشرینی یەكەمدا بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرانە سەر هەژماری بانكیی وەزارەت، لە 11 تاوەكو 14ـی هەمان مانگ پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب بەڕێوە چوو.
هاوكات لە عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 كرا، بەپێی زانیارییەكان لە دوێنێوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق كراوە، ئەم هەفتەیە هێزە تەناهییەكانیش وەری دەگرن و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشكردنی تەواوی وەزارەتەكانی حوومەتی عێراق دەكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق بەهۆی فرۆشی نەوتەوە كێشەی پارەیان نییە و پارەی پێیویستیان بۆ مووچە لەبەردەستە.
لەبارەی كاتی ناردنی مووچەی فەررمانبەرانی كوردستان ئەم مانگە كەمێك زووتر لەمانگەكانی پێشوو پارە دەنێردرێت، بەپێی زانیارییەكان كۆتایی هەفتەی ئایندە دەست بەرێكارەكانی ناردنی مووچەی هەرێم دەكرێت.
















Leave a Reply