شاندێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەردانی بەغدایان كرد.
شاندەكە سەردانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی عێراقی كرد و لەلایەن خالد شوانی، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ سەرۆكی دەستەی چاودێری و كاروباری كەمئەندامان، سەرۆكی دەستەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان، پێشوازی لە شاندەكە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، داواكاری و پێویستییەكان بەتایبەتی لە بواری پاراستنی كۆمەڵایەتی، دەستپێكردنەوەی مووچەی چاودێری خێزانی و تۆماركردنی ناوی كەمئەندامانی نوێ، خرایە ڕوو بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی 2027 بچەسپێنرێ.
خالد شوانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی عێراق، بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی شاندەكەی دا و ڕای گەیاند كە بە نووسراوی فەرمی، داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری عێراق دەكرێت، بۆ چەسپاندن و دابینكردنی پێداویستییەكانی كەمئەندامان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.
ئەم سەردان و كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق، بۆ دابینكردنی ماف و ئیمتیازاتە كۆمەڵایەتییەكانی هاووڵاتییان و بەهێزكردنی سیستەمی پاراستنی كۆمەڵایەتی ئەنجام درا.
















Leave a Reply