لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی دەریایی داخست و جموجۆلچی بازرگانی و هەناردنی نەوت بەرەو بازاڕەكانی دنیا كێشەی تێكەوت، كۆمپانیایەكی گەورەی نێودەوڵەی رای گەیاند كە هێڵێكی نوێی هاتوچۆی دەریایی وەك شوێنگرەوە بۆ گەرووی هورمز دروست دەكات.
كۆمپانیای “ئێم ئێس سی”، كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی گواستنەوەی كۆنتێنەر لە دنیا، رای گەیاند كە دەستی بە دامەزراندنی هێڵێكی نوێی گواستنەوەی دەریایی كردووە، بەندەرەكانی ئەوروپا لە رێگەی سعوودیە و ئوردن بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە.
كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەك كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە گوتی، پڕۆژەكە بە ناوی هێڵی خێرای ئەوروپا- دەریای سوور- رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، مەبەست لێی پڕكردنەوەی پێویستییە بۆ گواستنەوە و گەیاندنی باری دەریایی لە نێوان ئەوروپا و دەریای سوور لە سایەی ئەو دۆخە ناهەموارەی ئێستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
وەك كۆمپانیاكە باسی كرد، هێڵەكە راستەوخۆ بەندەرەكانی ئەوروپا بە هەردوو بەندەری شا عەبدوڵا و جەدەی سعوودیە دەبەستێتەوە، جیا لە بەندەری عەقەبەی ئوردنی، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی كاڵاكان بۆ وڵاتانی كەنداو لە رێگەی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی وشكانی، یەكەم گەشتی ئەو هێڵە نوێیە لە 10ی ئەم مانگە لە بەندەری ئانتویرب لە بەلجیكا دەست پێ دەكات و بە بەندەرەكانی پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و میسر تێپەڕ دەبێت و دەگاتە بەندەرەكانی سعوودیە و ئوردن، لەوێشەوە بۆ بەحرێن و قەتەر و ئیمارات و كوێت.
















Leave a Reply