پسپۆڕێكی ژەهرزانی هۆشداری لە مەترسییەكانی “هانتا ڤایرۆس” دەدات و رای دەگەیەنێت، ئەو ڤایرۆسە بكوژە بێدەنگەكەی سییەكانە.
د. دڵشاد محەمەد مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ژەهرزانی، لە نوێترین توێژینەوە و ئەزموونی زانستیدا لەسەر ئاژەڵە قرتێنەرە كێوییەكان، زانیاریی نوێ لەسەر مەترسییەكانی “هانتا ڤایرۆس” دەخاتە ڕوو و رای دەگەیەنێت، زیانی گەورەی بۆ سییەكان و گورچیلە هەیە.
ئەو پسپۆڕی بۆ “وشە” گوتی، هانتا ڤایرۆس ڤایرۆسێكی مەترسیدارە كە زۆربەی جار لە ڕێگەی مشك و جرجی كێوی و ئاژەڵە قرتێنەرە كێوییەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و گواستنەوەكە لە ڕێگەی بەركەوتن لەگەڵ پاشماوە، لیك و میزی ئەم ئاژەڵانە ڕوودەدات.
روونیشی كردەوە، ڤایرۆسەكە ڕاستەوخۆ كار دەكاتە سەر ئەندامە سەرەكییەكانی جەستە و دەبێتە هۆی تێكچوونی سییەكان و لاوازبوونی گورچیلە و كێشەی دڵ و جگەر.
د. دڵشاد محەمەد بەراوردێكی زانستی لە نێوان ئەم ڤایرۆسە و كۆرۆنا (COVID-19) ئەنجام داوە و ئاماژە بەوە دەكات كە هەرچەندە هەردووكیان ڤایرۆسن، بەڵام جیاوازی گەورەیان هەیە، كۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام هانتا زیاتر لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەكاندا زۆر دەگمەنە.
لە كۆتایی ڕاپۆرتە زانستییەكەیدا، دووپات لەوە دەكاتەوە كە باشترین ڕێگای پاراستن دووركەوتنەوەیە لە پاشماوەی ئاژەڵە قرتێنەرە كێوییەكان.














Leave a Reply