دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا كرا

بینەر: (1.7K)

بڕیارە ئەمڕۆ رێككەوتنی نێوان هـەسـەدە و حكوومەتی دیمەشق بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە یەكەم هەنگاودا 25 ئۆتۆمبێلی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەچنە ناو سەنتەری شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ.

هاوكات لە هەردوو شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ لە سەعات شەشـی بەیانیی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە و سەعات شەشـی ئێوارەی هەمان رۆژ كۆتایی دێت.

چوونەناوەوەی ئاسایشی ناوخۆ وەك دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكەی هـەسـەدە و حكوومەتی دیمەشقە، كە گرنگترین خاڵەكانی بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و تێكەڵكردنی ‌هـەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوای سەربە وەزارەتی بەرگریی سووریا، هاوكات كشانەوەی چـەكدارانی دیمەشقە بۆ شارۆچكەی شەدادی لە باشووری حەسەكە.

لە قۆناغی یەكەمدا فیرقەیەكی سەربازیی نوێ كە لە سێ لیوای 16 هەزار كەسی بۆ هێزەكانی هەسەدە پێكدەهێنرێت، پرۆسەی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە و حكوومەتی سووریا مانگێك دەخایەنێت، دوای ئەوەی فڕۆكەخانەی قامیشلۆ و دەروازە سنوورییەكان رادەستی حكوومەتی سووریا كران، لە قۆناغی دووەمدا كێڵگە نەوتییەكانیش رادەست دەكرێن.

هەروەها لە رووی تەناهییەوە هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناوەندی شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ، پرۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی سووریا دەست پێ دەكات.

رێككەوتننامەكە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێك كە سەرجەم دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەكان لە كارەكانیان جێگیر دەكرێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *