خاتوونە ئەكتەرێكی گەنج و دیاری ئەمەریكا كۆچی دوایی دەكات

بینەر: (933)

میدیاكانی دنیا كۆچی دوایی هونەرمەند هایدن پانیتیرییان بڵاو كردەوە كە یەك لە ئەكتەرە ناودارەكانی ئەمەریكایە و تازە تەمەنی گەیشتووەتە 36 ساڵ، بەڵام هۆكاری مردنەكەی ئاشكرا نەكراوە، لەبەرئەوەی پێشتر برایەكی بەهەمانشێوە لە تەمەنی گەنجییەوە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە كۆچی دوایی كرد، پێ دەچێ هەمان نەخۆشیی هەبووبێت.

پێگەی “ئیلاف” هەواڵەكەی لە “سی بی سی نیوز” وەرگرتووە كە هاوبەشی “بی بی سی”یە، ئاماژەی دا كە هایدن پانیتیری لە تەمەنی 36 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ئەو ئەكتەرەی كە زیاتر بە بینینی رۆڵ لە دراماكانی “ناشفیڵ” و “هیرۆز” ناودار بوو، ملیۆنان هەواداری لە دەور كۆبوونەتەوە، بۆیە بە یەكێك لە ئەكتەرە زۆر ناودارەكانی ئەمەریكا و دنیا دێتە ژمار.

سكیب پانیتیری كە باوكی هایدنە بۆ “بی بی سی” لەبارەی مردنی كچەكەی دەڵێت، خاوەنی رۆشناییەكی زۆر و هێزێكی بەهێز بووە، ئەوەیش وایكرد ملیۆنان هەوادار خۆشەویستی و رێزی پێ ببەخشن، ئەویش لە رێگەی شاشەكانەوە.

باس لەوە دەكرێ كە پانیتیری بۆ یەكەمین جار لە تەمەنی چوار ساڵییەوە هاتووەتە دنیای كاری هونەری، ئەویش بە بەشداریی لە درامایەكی ئەمەریكی ناودار بەناوی “وەن لایڤ تو لیف”، هاوكات بەشداریی لە فیلمی وێنەی جووڵاو بە ناوی “ژیانی زیندەوەر”، ئەو لەوێدا بە دەنگی رۆڵی میروولەیەكی بچووكی دەبینی، ئەو فیلمەیش لە ساڵی 1998دا هاتە بەرهەم و ئەو خاتوونە هونەرمەندە لەوێوە وەك ئەستێرەیەك تەماشا دەكرا.

هاوكات هایدن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی “گرامی” كاندید كرا بۆ ئەلبوومی دەنگیی بۆ فیلمی “وەن لایڤ تو لیف”، لە ئەلبوومەكەدا شیعری گۆرانیی بۆ منداڵان دەخوێنێتەوە. هەروەها ئەو هونەرمەندە بۆ ساڵەكانی 2013 و 2014 بۆ وەرگرتنی خەڵاتی “گۆڵدن گڵۆپ” كاندید كرا، ئەویش وەك باشترین ئەكتەر لە زنجیرە تەلەڤزیۆنی و فیلمی تەلەڤزیۆنی، لەوێدا رۆڵی جولێیت بارنزی بینی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *