حكوومەتەكەی زەیدی دەستكاری مووچە دەكات

بینەر: (1.7K)

حكوومەتەكەی عەلی زەیدی سەرقاڵی دەستكاریكردنی مووچەی فەرانبەرانە، بەشێكیان مووچەیان زیادە و كەم دەكرێتەوە، بەشێكیش مووچەی كەمە زیاد دەكرێت.

حكوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكی نوێیە بۆ دەستكاریكردن و هەمواركردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، بە ئامانجی كەمكردنەوەی جیاوازییە گەورەكانی مووچە لە نێوان وەزارەتە جیاوازەكاندا. ئەم پلانە نوێیە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە مووچەكانیاندا.

بەپێی زانیاریی میدیای عێراقی كە لە وەزارەتی داراییەوە وەرگیراوە، لیژنەیەكی تایبەت ڕەشنووسێكی ئامادە كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو نادادپەروەرییەی كە تێیدا دوو فەرمانبەر بە هەمان بڕوانامە و ساڵانی خزمەتەوە، مووچەی زۆر جیاواز وەردەگرن. گرنگترین پێشنیارەكانی ناو ڕەشنووسەكە پێكهاتوون لە:

زیادكردنی مووچەی بنەڕەتی: مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت زیاد دەكرێت.

یەكخستنی دەرماڵەكان: سەرجەم دەرماڵە جیاوازەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە و تەنیا یەك دەرماڵە جێگیر دەكرێت، ئەویش بە دوو ڕێژە، ٥٠٪ی مووچەی بنەڕەتی بۆ فەرمانبەرانی ئاسایی، ١٣٠٪ بۆ فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانەی كە كاری مەترسیدار و خزمەتگوزاری دەكەن.

هاوتاكردنی مووچەی سێ سەرۆكایەتییەكە: مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (كۆمار، وەزیران و پەرلەمان) هاوتا دەكرێت لەگەڵ فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تردا.

لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان، لیژنەكە پێشنیاری كردووە كە ئەم گۆڕانكارییانە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، كە ژمارەیان ٦٨٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و ٦٩٥ هەزار كارمەندی تەناهی و سەربازییە، بەڵام خانەنشینان ناگرێتەوە.

جێگەی باسە، ئەم پلانە تا ئێستە تەنیا ڕەشنووسە و هێشتا نەبووەتە بڕیار. بۆ چوونە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە سەرەتا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بكرێت و دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *