ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی ئابی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، کە حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری دهۆک تۆمار کراوە. تووشبووەکە پیاوێکی گەنجی تەمەن 23 ساڵە و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، و لە ئێستەدا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە، تووشبووەکە دانیشتووی گوندی بازێیە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، و بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوودا، نەخۆش کەوتووە. دوای سەردانیکردنی نەخۆشخانە لە شاری دهۆک و گومانلێکردن بە بوونی نیشانەکانی تای خوێنبەربوون، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆ گیراوەتەبەر.
وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە، لە ئێستەدا نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستیی تا ئێستە جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە پابەندی ڕێنوێنییەکان بن و لە کاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە. هەروەها ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە، لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی و بێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.













Leave a Reply