توینێتیی زۆری شەوانە.. هۆكاری تەندروستیی بەدواوەیە

بینەر: (1.5K)

ئاساییە شەوانە و كاتی خەوتن، مرۆڤ بەهۆی توینێتییەوە بە ئاگا بێت و ئاو بخواتەوە، بەڵام ئەگەر حاڵەتەكە بەردەوامیی هەبێت و شەوانە چەند جارێك ئەو توینێتییە تەنگی پێ هەڵچنێت، دەبێ بزانرێ هۆكاری تەندروستیی بەدواوەیە، نموونەی وشكبوونی جەستە و وشكبوونی دەم، كەمبوونەوەی شلەمەنی لە جەستە یان تێكچوون و خراپیی خەو، جاریش هەیە نەخۆشیی شەكرە هەمان حاڵەت دروست دەكات، بۆیە پێویست دەكات كەسەكە سەردانی پزیشك بكات بۆ پشكنین و چارەسەر.

پسپۆرانی بواری تەندروستی كە قسەیان بۆ بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی “شەرق ئەوسەت”یان كردووە، ئاماژە بە چەندان هۆكار بۆ توینێتیی زۆری شەوانە دەكەن و دەڵێن، ئەگەر بەئاگاهاتنەوە لە خەو بەهۆی توینێتییەوە یەك جار یان دووجار بێت، ئاساییە و ئەگەر حاڵەتەكە زۆر دووبارە بووەوە، گومانی تێدا نییە كە هۆكاری تەندروستیی بەدواوەیە، بۆیە پێویستە بە سەردانی پزیشك و پشكنین بۆ حاڵەتەكە، هۆكارەكەی دەستنیشان بكرێت و چارەسەر دیاری بكرێت.

لەبارەی هۆكارەكانیشەوە باس لە وشكبوونی جەستە دەكرێ كە ئەگەری زۆری هەیە زۆر بەئاگاهاتنەوە لە خەو بەهۆی توینێتییەوە، ئەو حاڵەتە بێت، ئەویش كەسێك لەگەڵ كەسێكی تر جیاواز دەبێت كە فاكتەری جیاواز لەخۆ دەگرن، بۆ نموونە تەمەن و چالاكیی جەستەیی و پلەكانی گەرما و حاڵەتی تەندروستی، بۆیە ئامۆژگاری دەخەنەڕوو كە مرۆڤی ئاسایی پێویستە رۆژانە بەلای كەمەوە هەشت كووپ ئاو بخواتەوە.

هاوكات باس لە خراپیی خەو دەكرێ كە ئەوەیش كەسێك بۆ كەسێكی تر جیاوازە، بەتایبەتی ئەوانەی لە كاتی خەودا هەناسە لە رێگەی دەمەوە وەردەگرن، ئەویش دەبێتە هۆی وشكبوونی دەم، ئەو حاڵەتەیش وا دەكات لە شەواندا كەسەكەبەهۆی هەناسەسوارییەوە زیاتر توینیی بێت.

پسپۆران ئاماژە بەوەیش دەدەن كە ئەگەری زۆرە توینێتیی زۆری شەوانە، پێوەندیی بە نەخۆشیی شەكرەوە هەبێت، گورچیلە لەو حاڵەتەدا رێژەی شەكر لە خوێن لە رێگەی میزەوە دەردەكات، ئەویش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی میز، دواتر دەبێتە هۆی لە دەستدانی شلەمەنی لە جەستە و بەهۆیەوە مرۆڤ زیاتر توینیی دەبێت، هاوكات ناچار دەبێ ئاوی زیاتر بخواتەوە.

پسپۆران باس لەوەش دەكەن كە یەكێك لە فاكتەرەكانی توینێتیی شەوانە، پێوەندیی بە خۆراكی سوێرەوە هەیە و ئەو خۆراكانەی سۆدیۆمی زۆر لەخۆ دەگرن، بەتایبەتی خۆراكە پیشەسازی و لە قوتوونراوەكان. كاتێك رێژەیەكی زۆری سۆدیۆم دەخورێت، جەستە لە رێگەی ئاوەوە كار بۆ هاوسەنگی دەكات، ئەوەیش وا دەكات مرۆڤ زیاتر هەست بە توینێتیی بكات.

دواتریش پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە كە شەوانە ئەگەر یەك یان دووجار بەئاگاهاتنەوە لە خەو بەمەبەستی توینێتی، كێشەی تەندروستی دروست ناكات، بەڵام ئەگەر چەند جارێك حاڵەتەكە بەردەوام بێت و توینێتییەكە زۆرتر بێت، هەروەها نیشانەكانی زیاتری پێوە بێت وەك میزكردنی زۆر، وشكبوونی دەم، ماندووبوونێكی زۆر، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت بۆ پشكنین و پاشان وەرگرتنی چارەسەر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *