بە تێپەڕبوونی كات كاریگەریی سزا توندەكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران بەدیار دەكەوێت، بەتایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و هەناردن و هاوردەكردنی كاڵاكان و كەرتی نەوت و سووتەمەنی و دراوی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی ئێران بەهای تمەن زیاتر دابەزی و نرخی دۆلارێك گەیشتە سەرووی 207 هەزار تمەن.
بەپێی ماڵپەڕی “بازرگانی نیوز”ی تایبەت بە چاودێریی نرخی دراوەكان لە بازاڕی ئازاد، ئەمڕۆ یەكشەم نرخی دۆلارێك گەیشتە 207 هەزار و 300 تمەن، نرخی یۆرۆش گەیشتە 239 هەزار و 830 تمەن.
هەفتەی رابردوو بۆ رێگرتن لە دابەزینی زیاتری نرخی تمەن، بانكی ناوەندیی ئێران بە بەهای 500 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی دراوی بیانی خستە ناو تۆڕی بانكیی ئێران، بەڵام سەرەڕای ئەوە نرخی دۆلار گەیشتە ئاستێكی نوێی پێوانەیی.
دوێنێ شەموو بەهای تمەنی ئێرانی لە مامەڵە داراییەكان لە دابەزین بەردەوام بوو، ئەوەش دوای ئەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریكی لە بازاڕەكانی ئەو وڵاتە گەیشتە 206 هەزار و 100 تمەن، لەوكاتەی بەهای یۆرۆ گەیشتە 239 هەزار و 500 تمەن، جونەی ئیسترلینیش گەیشتە 279 هەزار و 750 تمەن، لیرەی توركیش گەیشتە چوار هەزار و 285 تمەن و ریالی عومانی گەیشتە 542 هەزار و 400 تمەن و دیناری عێراقیش 132 هەزار تمەن.
















Leave a Reply