سەرەڕای گەیشتنی ئێران و ئەمەریكا بە رێككەوتنێكی سەرەتایی، كە بڕیارە هەینی داهاتوو لە جنێڤ لە سویسرا بێتە واژووكردن، بەڵام ئێران ئاماژە دەكات كە هێشتا متمانە بە ئەمەریكا ناكەن، ئەمەریكا كاتێكی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی متمانەی ئێرانییەكان بەدەست بێنێت.
ئەمڕۆ دووشەم ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە گەلی ئێران متمانەی بە ئەمەریكا نییە و واشنتن رێگەیەكی دوورودرێژی لەپێشە بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی ئێرانییەكان، بەپێی رێككەوتنەكە واشنتن پابەندە بە بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی و ئەگەر ئەوە نەكات، تاران بە هاوشێوە وەڵامی دەبێت.
روونی كردەوە، تاران رێوشوێنی وا وەردەگرێت بۆ مسۆگەركردنی هاتوچۆیەكی سەلامەتی كەشتییەكان بە گەرووی هورمز، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەكە و بۆ ماوەیەكی سنووردار و بەو شێوەی لەگەڵ پابەندییەكانی ئەمەریكا بگونجێت، دووپاتی كردەوە كە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمز پارێزراوە و لە داهاتوو رسوومات لە بەرانبەر خزمەتگوزارییەكان وەردەگرین.
بەقائی ئاماژەی كرد كە كە گەرووی هورمز بۆ ئێران زۆر گرنگە و ئەو رێوشوێنانەی ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوو وەری گرت، لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی دەگونجێت و بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی ئێران و ئاسایشی نەتەوەییەكەیەتی، بۆیە ئێران وەك وڵاتێكی هاوكەناری گەرووەكە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان رێوشوێنی پێویست بۆ هاتوچۆی سەلامەتی كەشتییەكان دەگرێتە بەر.
















Leave a Reply