بۆن و مادە جوانكارییەكان دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی دووگیان

بینەر: (1.1K)

قۆناغی دووگیانی قۆناغێكی جیاوازە لە ژیانی ژندا، لەو قۆناغەدا چەندان گۆڕانكاری بەسەر جەستەیدا دێت، لەوانە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە كێشەی بۆ دروست دەكات، بەتایبەتی زوولەدایكبوون و كەمكێشیی منداڵەكەی، توێژینەوەیەك ئەو حاڵەتە بە بوونی مادەیەك دەبەستێتەوە لە بۆن و پلاستیك و مادە جوانكارییەكاندا هەیە.

توێژینەوەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ژنانی دووگیان لە ئەنجامی بەكارهێنانی بۆن و مادە جوانكارییەكان و پلاستیك، ئاستی مادەیەكی كیمیایی بە ناوی مۆنۆئیسیل فسالات لە لەشیان زیاد دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان، لە توێژینەوەكە 338 ژنی دووگیان چاودێری كران، دەركەوت ئاستی ئەو مادە كیمیاییە لە لەشیان پێوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێنەوە هەیە، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند كێشەیەك لەوانە زوولەدایكبوونی كۆرپەلە و كەمكێشیی منداڵە لەدایكبووەكە.

وەك رۆژنامەی “دەیلی مێڵ”ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، ئەو مادە كیمیاییە لە رێگەی پێست یان هەڵمژینەوە دەچێتە ناو لەش و پەستانی خوێنی دووگیان بەرز دەكاتەوە، بۆیە پێویستە لە كاتی دووگیانیدا لە بەكارهێنانی بۆن و مادە جوانكارییەكان وریا بن و كەمی بكەنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *