بلاك فرایدەی كوردستان سەری زۆر لە بازرگانەكانی خوارد

بینەر: (1.1K)

ساڵانە بلاك فڕایدەی لە دنیا بەڕێوە دەچێت، كۆمپانیا و فرۆشگە گەورەكان داشكاندن لەسەر بەرهەمەكانیان دەكەن و كڕیارانیش خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادە دەكەن، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن بەشێك لە فرۆشگەكان و كۆمپانیاكان دەكرێت فێڵە، حكوومەتیش بەو فێڵەی زانیوە و زۆری سزا داون.

هەموو ساڵێك كۆتا هەینی مانگی (تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر) گەورەترین دیاردەی ئابووری لە دنیا روو دەدات، لە هەرێمی كوردستان و دنیایش لە 28ـی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێت، كە سەرجەم میدیا و بەتایبەت ئاژانسە ئابوورییەكان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات، ئەویش بلاك فرایدەیە كە داشكان لە نێوان 20% بۆ 90% دەكرێت.

رێمان سورچی خاوەنی پێشانگەی كڕین و فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی لە بازاڕی شێخی چۆلیی هەولێر، بۆ “وشە” دەڵێت، ئەمساڵ ئەو فێڵەی لە كڕیارانی هەولێر بەناوی بلاك فرایدەی دەكرا، سەری نەگرت، چونكە دوو مانگ پێش ئێستە لیژنەكانی قایمقامییەت و چاودێری بازرگانی، نرخی شوێنەكانیان وەرگرتووە و ئێستە كاتێك بانگەشەی بلاك فرایدەی دەكەن، بەراورد بەو نرخەی ئەوكات دەكرێتەوە.

زیاتر گوتی، مەرجێكی نوێی حكوومەت لە سەرەتای ئەمساڵ كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن، ئەویش ئەوەیە كاتێك شوێنێك بەنیازی داشكانە، دەبێت چاودێری بازرگانی ئاگادار بكاتەوە، ئەوانیش لە رێگەی لیژنەیەك سەردانی شوێنەكە و بڕی داشكانە دەكەن.

باس لەوەش دەكات، بەناوی بلاك فرایدەی لە ساڵانی رابردوودا فێڵ كراوە، بۆیە ئێستە چاودێریی ورد دەكرێن، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە ئەوەی دەیەوێت داشكان بكات بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكات، ئەوە دیارە، ئەوەشی قۆڵبڕە، ئەوە دیارە و سزا دەدرێت.

رێبوار سەعید شارەزای ئابووری، بە “وشە”ـی راگەیاند، هەینی رەش یان بلاك فڕایدەی، بۆ ئەمساڵ دەكەوێتە 28ـی مانگ، دنیا بەگشتی و ئەمەریكییەكان بەتایبەت خۆیان بۆ بازاڕكردنی ئەم رۆژە ئامادە دەكەن، كۆمپانیا و فرۆشگەكانیش داشكانی سەرنجڕاكێش بۆ كڕیارەكانیان رادەگەیەنن، هەروەها لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و بەرەوپێشچوونی بازاڕی ئەلیكترۆنی، ماڵپەڕەكانی تایبەت بە فرۆشتن ئەم رۆژە بۆ كێشكردنی كڕیاران دەقۆزنەوە.

زیاتر گوتی، پێویستە هۆشیاریش بین بازاڕكردنی ئەو جۆرە رۆژانە و بەتایبەتی بلاك فڕایدەی سەرت لێ‌ دەشوێنێت و كڕیار لەو رۆژەدا نازانێ چ كاڵایەكی پێویستە، تەنیا داشكانەكان دەبینێت، ئەوەش وادەكات كاڵایەك بكڕێت كە سوودی بۆ ئەو نییە و خەرجی زیادە بكات.

روونی كردەوە، مێژووی بلاك فڕایدەی گرێدراوی تەنگژەی ئابووری و دارایی ساڵی 1869ـی ئەمەریكایە، كاتێك دوو سەرمایەداری ئەمەریكی هەوڵیان دا بازاڕی زێڕ لە بۆرسەی نیویۆرك بۆ زێڕ قۆرخ بكەن و زۆرترین بڕی زێڕ بكڕن، كە ئامانجیان لەو هەوڵە بەرزكردنەوەی نرخی ئەو كانزا زەردە بوو بۆ بەرزترین ئاست، بەڵام یۆلیۆس گرانت 18ـەمین سەرۆكی ئەمەریكا بەو پلانەی زانی و شكستی پێ هێنان، بەو هۆیەوە بازاڕی پشكەكان بە خێرایی داڕما و هەزاران ئەمەریكی مایەپووچ بوون.

هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر رای گەیاند، لیژنەیەكی تایبەت پێكهات بۆ گەڕان و پشكنین بۆ ئەم شوێنانەی كە داشكانیان كردووە بەناوی بلاك فرایدەی.

دەشڵێت، لە ئەنجامی گەڕان و پشكنین چەند شوێنێك پسوولەی سزایان بۆ كرا كە پێچەوانەی ڕێنوێنییەكانی چاودێری بازرگانی داشكانیان كردووە، بۆیە لەلایەن لیژنەكانەوە سزا دران.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *