بانكی ناوەندیی عێراق رای گەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن گوایە بانكی ناوەندی بڕی 600 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە، چونكە نرخی پێشووی هەزار و 320 دیناری بۆ هەر دۆلارێك داناوە و داوای قەرەبووكردنەوەی كردووە بە نرخی ئێستەی هەزار و 520 دینار، دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە.
هەروەها دووپاتی لەوە كردەوە، داواكارییەكانی حەواڵەی دەرەكی كە پێشكەش بە بانكەكان كراون، پێش رێكەوتی حەوتی تشرینی یەكەمی 2026، بە هەمان نرخی كۆنی ئاڵوگۆڕ و بێ هیچ تێچوویەكی زیادە جێبەجێ كراون و دەست بە وەرگرتن و جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەش كراوە.
بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم كارتە ئەلیكترۆنییەكان بەگوێرەی نرخە فەرمییە پەسندكراوەكە كار دەكەن، بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵات دابین بكەن.
لە كۆتاشدا بانكەكە هۆشداریی دا كە بەپێی نووسراوی دەستەی راگەیاندن و پێوەندییەكان، پێویستە وردبینی لە سەرجەم ئەو هەواڵ و بابەتانەدا بكرێت كە لەبارەی نرخی ئاڵوگۆڕ، بازاڕەكان و مووچە بڵاو دەكرێنەوە و دڵنیایی لە سەرچاوەكانیان بكرێت، بەپێچەوانەوە رێكاری توندی یاسایی بەرانبەر هەر لایەنێك دەگیرێتەبەر كە هەواڵی چەواشەكار و پڕوپاگەندە بڵاو بكاتەوە.
















Leave a Reply