ئەمڕۆ یەكشەم بانكی ناوەندی عێراق رای گەیاند، سیستمێكی ئەلیكترۆنیی نوێی بۆ گۆڕینەوەی دراوە زیانلێكەوتووەكان دروست كردووە، بە مەبەستی ئاسانكردنی رێكارەكان و خێراتركردنی خزمەتگوزارییەكە بۆ هاووڵاتییان.
بانكەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی “ئور” داواكاریی گۆڕینەوەی دراوە زیانلێكەوتووەكان پێشكەش بكەن، بەوەی زانیارییە داواكراوەكان تۆمار بكەن و داواكارییەكەیان پشتڕاست بكەنەوە.
دواتر لایەنە پێوەندیدارەكانی بانكی ناوەندی رێكارەكانی تەواوكردنی پرۆسەی گۆڕینەوەكە دەگرنە ئەستۆ.
بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی دیجیتاڵكردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكانی بانكدا دێت، كە ئامانجی كەمكردنەوەی كات و ماندووبوونی هاووڵاتییان و باشتركردنی كارایی خزمەتگوزارییە بانكییەكانە.
بەستەری داواكاریی گۆڕینەوەی دراو: https://currency.app.cbi.iq/
– رێنوێنییەكانی گۆڕینەوەی دراوە زیانلێكەوتووەكان: https://cbi.iq/page/86
















Leave a Reply