ئه‌كسیۆس: میسڕ و توركیا و پاكستان نێوه‌ندگیری ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌كه‌ن

بینەر: (1.6K)

پێگه‌ی ئه‌كسیۆسی ئه‌مه‌ریكی له‌ زاری سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ نێرده‌ی تایبه‌تی كۆشكی سپی ستیف ویتكۆف و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران عه‌باس عێراقچی به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و به‌ نێوه‌ندگیری سێ ولاتی ئیسلامی گفتوگۆیان كردووه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌ زاری سه‌رچاوه‌ی ئاگه‌داره‌وه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و میسڕ و پاكستان له‌ ڕۆژانی ڕابردوو په‌یام و بۆچوونی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیان بۆ یه‌كتر گواستووه‌ته‌وه‌ و به‌رپرسانی باڵای هه‌رسێ وڵات له‌گه‌ڵ ویتكۆف و عێراقچی له‌سه‌ر هێلن.

ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ نێوه‌ندگیری نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌لایه‌ن ئه‌و سێ وڵاته‌وه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و تا ئێسته‌ پێشڤه‌چوونی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و كۆتایی جه‌نگ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پرسه‌ جێناكۆكه‌كانی واشنتن و تاران ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆ ناڕاسته‌وخۆكانه‌ و هه‌ر سی وڵات هیوا ده‌خوازن كه‌ هه‌ردوولا وه‌ڵامی یه‌كتر بده‌نه‌وه‌ و دانوستاندنه‌كان بكه‌ونه‌ سه‌ر ڕێی خۆیان.

پێشتر دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا فه‌رمانی به‌ وه‌ستاندنی پێنج ڕۆژی هێرش بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ و وێستگه‌كانی وزه‌ی له‌ ئێران كرد، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆ و ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *