سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بودجەی 2027ی عێراق، هێندەی بەڕێوەبردنی قەیرانە هێندە بودجە نییە.
د. ئامانج رەحیم لە مێزگردێكدا بەناونیشانی “پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان”، كە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی سازی كردبوو گوتی: بەغدا كەمتر لەوەی لە یاسای بودجە بڕیاری لێ دەدات بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت. لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، بەشە بودجەی هەرێم لە %16 بۆ %12 كەم كرایەوە. لە یاسای بودجەدا كۆتوبەندی زۆر دادەنرێت. ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2023، دابڕانێكی دارایی لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان هەبوو.
ئامانج رەحیم گوتی، بەهۆی رێكنەخستنی یاساكان لەسەر بنەمای دەستوور، سیستمی دارایی ئێستەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، لەبری ئەوەی فیدراڵییەتێكی دارایی دەستووری بێت، زیاتر لە فیدراڵیی دانوستاندن دەچێت.
د. ئامانج رەحیم ورووژاندنی پرسی كەمكردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، هەڵاوسانی بێوێنەی خەرجییە سیادییەكان و بەردەوامیی سەپاندنی چەمكی “خەرجیی راستەقینە”، بە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دانا.
بەگوتەی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە هاوكات ئەندامی شاندی باڵای دانوستانكاری هەرێمی كوردستانە بۆ پرسی بودجە، یاساكە بڕگە و بابەتگەلێكی زۆری لەخۆ گرتووە كە لە بنەڕەتدا دەبوو لەناو بودجەی ساڵانەدا جێگەیان نەبێتەوە، چونكە یاسای بودجە تەنیا خەرجی و داهاتی یەك ساڵ رێكدەخات، لە كاتێكدا پرسە بنەڕەتییەكانی وەك نەوت و گاز و دابەشكردنی داهاتەكان پێویستیان بە یاسای هەمیشەیی و سەربەخۆ هەیە.
بەگوتەی د. ئامانج، كەمكردنەوەی رێژەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە 17٪ـەوە بۆ 12.67٪، بەبێ ئەوەی هیچ سەرژمێرییەكی نوێی دانیشتووان كرابێت. هێنانەكایەی دەستەواژەی “خەرجیی راستەقینە” (ئینفاق فیعلی) لەناو دەقی یاساكەدا، گورزێكی گەورەی لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و بژێویی هاووڵاتییان دا، ئەو كێشانە تا ئێستە بەردەوامن.
















Leave a Reply