وەك ئاماژەیەك بۆ دەست پێكردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان عومان و هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای فڕۆكەوانیی سەلام لە سوڵتاننشینی عومان رای گەیاند كە دەرگەی بڕینی بلێتی بۆ گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان مەسقەت و هەولێر واڵا كردووە، بەو پێیەی گەشتەكان لە 25ی ئۆكتۆبەری 2026 دەست پێ بكەن.
وەك كۆمپانیاكە رای گەیاند، هەفتانە دوو گەشتی راستەوخۆ لە مەسقەتەوە بەرەو هەولێر دێتە سازكردن، بە نرخێكی گونجاو و وەك بژارەیەكی پڕ لە حەسانەوە گەشتێكی راستەوخۆ دابین دەكات، نرخی گەشتەكەش بۆ یەك سەر 54.99 ریالی عومانیە، بەوەش هەولێر دەبێتە دووەم رووگەی گەشتەكانی ئەو كۆمپانیایە لە عێراق، لە هەنگاوێك فرەوانبوونی تۆڕی گەشتەكانی كۆمپانیاكە و رووگەكانی لە ناوچەكە زیاتر دەكات.
ستیڤن ئالین سەرۆكی بەشی بازرگانی لە كۆمپانیای فڕۆكەوانی سەلام گوتی، زیادكردنی هەولێر وەك رووگەیەكی گەشتەكان، زیادكردنی بژارەیەكی ستراتیجییە بۆ تۆڕی رووگەكانی فڕۆكەوانیی كۆمپانیاكە كە لە زیادبووندایە، ئامادەبوونمان لە بازاڕی عێراق بەهێزتر دەكات، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنەی لە گەشتەكانی بەغدا بەدەست هاتوون، ئەو خزمەتگوزارییە نوێیە داواكاریی زیادبوو لەسەر گەشتكردن لە نێوان عومان و هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە، لەپاڵ دابینكردنی بژارەی بەیەكەوەبەستنەوەی پڕ لە حەسانەوە لە مەسقەتەوە بەرەو چەندان رووگە لە نیوچەدوورگەی هیندی و ئاسیا.
















Leave a Reply