یەكەم
هەڵەچنی یان هەڵەگری كە هەمان ئاماژەی مانایی و کارکردنییان هەیە، جیاوازە لە پێداچوونەوە. دەکرێت “هەڵەگری”ی بەشێک بێت لە پێداچوونەوە، بەڵام پێداچوونەوە کرانەوەی هەموو ئەو ئەگەرانەیە بە ڕووی “ئێدیتۆر”دا کە نووسەر، شاعیر یان وەرگێڕ. لە بەرژەوەندی و بۆ دەرکەوتنی ئەگەر و بۆلوانەکانی دیکە یا نادیدەی گرتووە یا درکی پێ نەکردووە. ئەم ڕەوتە دروست و شارستانییە (هێشتا لای ئێمە زۆر کز و لاوازە) پێمان دەڵێت، ئەزموونی نووسین ڕەنگە پرۆسەیەکی تاکەکەسیی بێت، بەڵام بەرهەمی نووسراو و… کاڵایەکە کەسانی تریش بەشێوەی جۆراوجۆر دەستیان لە گۆڕین و تەنانەت هەندێجار داهێنانیشیدا هەیە.
نابێ لە بەکارهێنانی زاراوەی “کاڵا” بۆ بەرهەمە کولتوورییەکان زراومان بچێت و بکەوینە دەمارگرژیی نەریتی و ئایدۆلۆجییەوە و خۆ ببووێرین لەو ڕاستییە کە بەرهەمە کولتوورییەکان و بە تایبەتیش کتێب، کاڵایە. کتێب کاڵایەکی کولتووریی و نامادییە، بەڵام لە جیهانی مادی و بۆ بازاڕ و خوێنەر بەرهەم دێ. باشتر وایە بەرهەمەکە کوالێتی و چۆنێتیی لە ئاستێکی بەرز و شایستەدا بێت، و هەر بەو شێوەیش چاو و نیگای خوێنەری ورد و مووقەڵیشکار تێر دەکات، بەرهەمی بێپێداچوونەوە و هەڵەچنی، لە پارچە مۆسیقایەک دەچێت کە ئەگەرچی بەگوێی زانستیی مۆسیقا زۆر دیار و زەقە، بەڵام بە گوێی كەسی ئاساییش هەستی پێ دەکرێت.
دووەم
بۆچی ئێدیتۆری و پێداچوونەوە لای ئێمە بەهای نادرێتێ؟ یان زۆر بەکەمی بەهای دەدرێتێ؟ لای من دوو هۆی سەرەکی هەیە.
1- ئەو وێنا حەماسی و پاڵەوانانە و هاوکات دۆنکیشۆتییەی بەشێکی زۆر لە نووسەرانی ئێمە بۆ خۆیان دەیکەن. واتە وا تێگەیشتوون ئەم ئۆدیسە و گەشتە ئەفسووناوی و پڕ سیحرەی وشە و ڕستە و گێڕانەوە، بست بە بست و قولانج بە قولانجی دەبێت بە دەست و نیگای پیرۆزی دانەر و نووسەر بێتە ئاراوە، بەڵام دانەر تەواو بوو، ئێستە تۆ نووسەری، بە هەموو ئەو درزانەی لە هەستەوەریتدا هەیە کە دەتوانێت لە ئاوی زەریادا نغرۆت بکات، یان لە خەرەندی پڕ لە پیت و هەژدیها بتتلێنێ و هەپڕوون بە هەپڕوون و ژارمردووت بکا.
2- هۆکاری دووەم بابەتی بازاڕ و خەمساردی و دەکرێت بڵێین زۆرجار نەبوونی بەرپرسیارێتییە لەلایەن دەزگاكانی چاپەوە. زۆر نووسەر هەن پێملی ئەوە دەبن کەسێکی ناو دەزگای چاپ یان ئیدیتۆرێکی سەربەخۆ کە دەکرێت دەزگاکە خۆی دیاری بکات، بە کارەکانیدا بچێتەوە، بەڵام بەوپەڕی خەمساردییەوە دەزگاکە چاوێک بە کتێبەکەیدا دەخشێنێت و چەند هەڵەیەکی زەقی ڕێنووسیی بۆ چاک دەکاتەوە و وا دەزانی ئیشەکەی مسۆگەر کردووە. واتە هەڵەگرییەکی سەرەتاییمان بە پێداچوونەوە و ئیدت پێ دەفرۆشێتەوە و دەرخواردی خوێنەری دەدات.
لێرەدایە کە ئەو ڕەهەندەی ناشیرینی کاڵابوونی کولتووریی دەردەکەوێت: چاودێرینەکردنی کوالێتی و چۆنێتیی کاڵای کولتووری. چونکە وا دیارە زۆرینەی دەزگاکان تەنیا کاڵایەکیان دەوێت بە شەبەنگێکی نامادییەوە کە ناوی کولتوورە، ئیتر چۆنی دەشێلن و دیکەن بە چی؟ زۆر لایان گرینگ نییە.
لێرەوە ململانێی بازاڕ و “مانا”(کولتوور) دێتە ئاراوە و ئەو هەستە دۆنکیشۆتییەی نووسەر هەیبوو، لای ئەمان دەبێت بە خواستێکی سەرمایەدارانەی هیدرایی (ماری ئاویی چەند سەر لە ئەفسانەكانی یۆنانی کۆندا). هەڵبەت لە درێژخایەندا خراپیی ئەم کاڵایە دەردەکەوێت و ئەو دەزگاگەلەیش بێ ڕەونەق و کزۆڵ دەبن،
هەڵبەت تا ئێرە هەر باشە بۆ وانەوەرگرتن، بەڵام کاتێک زۆرینەی دەزگاکان لەناو ئەم بازنەیەدا بسووڕێنەوە، چی بکەین؟ واتە هەرچی کاڵایەک هەبێت هەر هەموو یەک کوالێتی هەبێت، ئەوکات کڕیار خەیاڵی چۆناوچۆن شوێنپێی کاڵای باڵاتر و شازتر بگرێت؟ قەیرانە کوشندەکە لێرەدایە. پرۆسەی دەستنیشانکردنی پێوەری شیاو و شایستە دەشێت لە هەناوی ئەم قەیرانەدا لەدایک بێت، هەڵبەت بە بەرەژانێکی ناخۆش و سەختەوە.
وەشانخانەكانی کوردستان لە سۆنگە و بەهۆی جیاواز لەو هۆ دۆنکیشۆتییەی نووسەران باوەڕیان بە ئێدیتۆر نییە، چونکە دەبێت لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کتێبدا حەقدەستی ئەویش بدەن، کابرای کاسب لە خۆی دەپرسێ: “بۆ بیدەم؟ ئیشی من هەر وەرگرتنە!”
سێیەم
کارەساتی دیزاینی بەرگ و ناوەوەی کتێب لەمەی ئێدیتۆر قووڵترە. هەر کتێبێک لە ڕووی فۆرم و نیگار و چنینی ناوەکییەوە، دیزاینێک هەڵدەگرێت. بەرهەمی شیعری جیاوازە لە فەلسەفی و هزری. دەکرێت ڕۆمان بە شێوەیەکی دیکە دیزاین بکرێت، بەڵام دیزاینی ناوەوەی زۆربەی ژانرەکان ئەڵێی هەر یەک کتێب و یەک بابەتن. ئەمە خۆی پێشاندەری ئاستێکی تری قەیرانی تێگەیشتن لە کتێب و بەرهەمهێنانی کاڵایەکی خەوشدار و قەڵبە.
چوارەم
من زۆر جار بە وێڵی لەناو کتێبخانە کوردییەکاندا دەسوڕێمەوە، تەنانەت ئەو پەیجانەی وێنەی کتێب و بەرگەکانیان دادەنێن، بۆ من وەک سەفەرێکی ناوازە و ئەزموونی چێژێکی لەڕادەبەدەرە، بەڵام ئەم گەشت و چێژە تەنیا بۆ بوون و بۆنی کتێبە، کاتێک سەیری بەرگی کتێبەکان دەکەم، بە دەگمەن نەبێت هیچی شیاو و شایستە نابینمەوە. بەرگی خراپ و بێسەلیقەی کتێبەکان، زیاتر لە ناوەرۆکی لاواز و کڵێشەیی کاریگەریی خراپیان لەسەرم هەیە.
هەر بە گشتی بەرگی کتێب وەک بۆن یان پاکوخاوێنی مرۆڤێکی نامۆیە کە لە دوورەوە بە خەیاڵێکی وێڵەوە سەرنجی دەدەی! ئایا کتێبێک بۆن یان وێنەیەک کە برووسکەئاسا دەیداتە خەیاڵت، گەن و نالەبار و بێسەلیقە بێت، چەندە تاسووق و تامەزرۆییت دەجووڵێنیت بۆ هەڵدانەوە و دواندنی؟
پێنجەم
ئێدیت و پێداچوونەوە، جۆرێک ئەزموونی نووسیارییە کە لە پرۆسەی گۆڕان و لەدایکبوونی بەرهەمێکدا ڕۆڵی هەیە. ئەگەر نووسەر دایکێکی ژانگرتوو بە بەرهەمێك بێت، ئەوا ئێدیتۆری باش ئەو مامان و دایەنەیە کە هەم بۆ دایک و هەمیش بۆ منداڵ پارێزەر و سەرپەرشتکارە.












Leave a Reply