چی لەبارەی رۆژی جیهانیی تەمبەڵی دەزانین؟ لە كۆڵۆمبیاوە دەستی پێ كرد

بینەر: (1.3K)

رۆژی جیهانیی تەمبەڵی دەكەوێتە 10ی ئاب و لەو رۆژەدا خەڵكێكی زۆر ئامادەی كاركردن نابن، بەڵكو دەچنە سەر شەقامەكان و لەسەر شەقامەكان پاڵدەكەون یان لە ناو ماڵەكانیان بۆ ماوەیەكی درێژ دەخەون یاخۆ تەماشای فیلم و دراماكان دەكەن، بۆیە ئێمە چی لەبارەی رۆژی جیهانیی تەمبەڵی دەزانین كە لە كۆڵۆمبیاوە دەستی پێ كرد؟

پێگەی “شەفەق نیوز” لەبارەی رۆژی جیهانیی تەمبەڵی، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئاماژە دەدات، بۆنەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948 كە لەو رۆژەدا هاووڵاتییەكی كۆڵۆمبی بەناوی “كارلۆس ماریۆ مۆننتۆیا” لە شاری ئیتاگۆی و لە كاتی فێستیڤاڵێكی پیشەسازی و رۆشنبیری، داوای كرد رۆژێك لە ساڵدا دەستنیشان بكرێ بۆ دووركەوتنەوە لە كاركردن و ئەو پاڵەپەستۆیانەی بەهۆی كارەوە لەسەر مرۆڤ دروست دەبێت، بۆیە ئەو رۆژە لە ساڵدا بە رۆژی “تەمبەڵی” ناو نرا.

دوای ئەوەی ئەو هاووڵاتییە كۆڵۆمبییە بیرۆكەكەی لەو رۆژەدا پێشنیاز كرد، بیرۆكەكە وەرگیرا و بەهۆیەوە ئاهەنگ هاتە سازكردن، پاشان خەڵكی شارەكە كەوتنە سەر شەقامەكان و پاڵكەوتن لەسەری، ئەویش بە جلوبەرگی ماڵەوە و خەوتن، دروشمێكیان بەرز كردەوە بە واتای “كاركردن لە ژیاندا هەموو شتێك نییە، پێویستە هەندێكیش پشوو بدەین”.

دوای ئەوەی بیرۆكەكە لە كۆڵۆمبیا و لە تەواوی شارەكانی لەلای هاووڵاتییانەوە وەرگیرا، وردە وردە بۆ وڵاتانی تریش گوازرایەوە و لە هەر وڵاتێك بە جۆرێك بۆنەكە بەڕێوە چوو، تەنانەت لە هەندێك وڵات لەو رۆژەدا خەڵك ئامادە نەبوون لەناو ماڵەكانیاندا چێشت دروست بكەن، بۆیە پشتیان بە خۆراكی ئامادەكراو دەبەست.

پسپۆران باس لەوە دەكەن كە هۆكار و هەستكردن بە تەمبەڵی، یەكەمین هەنگاوە بۆ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵی، لەگەڵیدا هەندێك وەرگرتنی پشوو، لەگەڵ بوونی ئامانجی واقیعی و هاوكات چالاكیی وەرزشی و رێكخستنی سیستمی خۆراكی هاوسەنگ، واتە وەرگرتنی پشوو زۆرجار مرۆڤ پێویستیی پێ دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *