چوار ملیار دیناری گەندەڵی گەڕێنرایەوە

بینەر: (1.4K)

دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ڕای گەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە، تایبەت بە كەیسەكانی دەستپاكی و شوشتنەوەی پارە، توانیویەتی چوار ملیار دیناری عێراقی لە چوارچێوەی كەیسێكی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕیدا بۆ بانكی ڕافیدەین بگەڕێنێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق كە ئەمڕۆ دووشەم بڵاو كرایەوە، دادوەری تایبەت بە كەیسەكانی دەستپاكی و شوشتنەوەی پارە ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕە پارەیە لە ئەنجامی ڕێكارە یاساییەكان و لێكۆڵینەوە وردەكانی دادگاوە گەڕێنراوەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دەسەڵاتی دادوەریدایە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی.

هەروەها دووپات لەوە كراوەتەوە كە ڕێكارە یاساییەكان بەرانبەر كەسانی پێوەندیدار بە ئەم كەیسە بەردەوام دەبن، بە مەبەستی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كارە نایاساییانەی زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *