پلەکانی گەرما 50 پلە تێدەپەڕێنن

بینەر: (173)

ئەمڕۆ چوارشەم 29ی تەمووزی 2026، سادق عەتیە پێشبینیکاری کەشوهەوا ڕای گەیاند، شەپۆلێکی گەرما لە ڕۆژی شەموو، یەکی ئابەوە، ڕوو لە عێراق دەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، کە تێیدا پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی باشوور 50 پلە تێدەپەڕێنن و لە شارەکانی تریش لەو ئاستە نزیك دەبنەوە، هاوکات چەندین ڕێنوێنی بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتییان لە گەرما و خۆرەتاو بڵاو کرایەوە.

لە بەیاننامەیەکدا، سادق عەتیە ڕوونی کردووەتەوە، ئەم شەپۆلە لە ئەنجامی قووڵبوونەوەی کاریگەریی بەرزە پاڵەپەستۆی نیمچە خولگەیی لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا دێت، هاوکات لەگەڵ چاڵاکبوونی نزمە پاڵەپەستۆی گەرمیی وەرزی لە نزیک ڕووی زەوی.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، پێشبینی دەکرێت هەموو شارەکانی وڵات بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەکانی گەرمادا بەخۆیانەوە ببینن، لە کەشێکی جێگیردا کە زۆربەی کات ئاسمان ساماڵ و ڕۆشن دەبێت، لەگەڵ دەرکەوتنی چەند پارچە هەورێکی پچڕ پچڕ لە هەندێک ناوچەدا.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزترین پلەکانی گەرما بە بڕێکی کەم 50 پلەی سەدی لە هەندێک ناوچەی باشووری عێراق تێدەپەڕێنن، لە کاتێکدا لە شارەکانی تردا لەم ئاستە نزیك دەبنەوە یان کەمێک نزمتریش دەبن، ئەمەش هەستکردن بە ماندووبوونی گەرما زیاد دەکات، بەتایبەتی لە کاتەکانی نیوەڕۆ و عەسردا.

سادق عەتیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەکانی گەرما هاوکاتە لەگەڵ لووتکەی وەرزی هاوین، کە گەرمترین کاتی کەشوهەوای عێراقە و بەرزترین ڕێژەکانی گەرمای ساڵانەی تێدا تۆمار دەکرێت.

لە کۆتاییدا، عەتیە چەند ڕێنوێنییەکی بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، لەوانە، خۆبەدوورگرتن لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لە سەعاتەکانی لووتکەی گەرمادا لە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ تا سەعات چواری ئێوارە، زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان بۆ خۆپاراستن لە وشکبوونەوە و ماندووبوونی گەرما، و دوورکەوتنەوە لە چالاکیی جەستەیی قورس لە شوێنە کراوەکاندا لە کاتی نیوەڕۆ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *