ئەمڕۆ دووشەم 31ی ئابی 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ ڕاگرتنی جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا دەربڕی و بەردەوامبوونی بە زیان بۆ تاران زانی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی توند بۆ سەر ئێران دەکات دوای هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە ئوردن.
ئەو لێدوانەی پزیشکیان لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ نارێندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان هات، کە پێش دەستپێکردنی لووتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە قرغیزستان بەڕێوە چوو.
لە ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی ئێراندا هاتووە کە پزیشکیان ڕای گەیاندووە، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن، هەروەها بڕوایان وایە کە بەردەوامبوونی جەنگ نە لە بەرژەوەندیی ئەوان و نە لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدایە. دووپاتیشی کردەوە کە چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکارییەوە دەبێت و پێویستە هەموو تواناکان بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری و ململانێکان بەکار بهێنرێن.
ئەو لێدوانانەی سەرۆکی ئێران دوای ئەو گرژییە سەربازییانە دێت کە لە چەند سەعاتی ڕابردوودا ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر دوورگەی لارکی ئێرانی و ئاڵوگۆڕە سەربازییەکانی دوای ئەوە. لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە گورزێکی توند لە ئێران دەدەن.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ترەمپ گوتی، سزاکانی ئێستەی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا بەهێزییەوە ئەنجامیان هەبووە. ئاماژەی بەوەش دا کە سەرجەم مووشەکە ئێرانییەکانیان تێکشکاندووە جگە لە یەک مووشەک کە هیچ مەترسییەکی نەبووە، هەروەها وەڵامی ئەو هێرشەی ئێران دەدەنەوە کە کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن.
















Leave a Reply