ناوكی كوولەكە بە یەكێك لە چەرەزاتە زۆر بە سوودەكان بۆ تەندروستی هەژمار دەكرێت، جا بە كاڵی یان برژاوی بێت جیاواز نابێت، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك، هۆشداریی لە زێدەڕۆیی لە خواردنی دەدەن كە ئەگەری هەیە سوودەكانی، پێچەوانە ببنەوە و زیانی زیاتر بە جەستە بگەیەنن.
پێگەی “شەرق ئەوسەت” زانیارییەكانی لە پێگەی “ئێڤری دای هێڵس” وەرگرتووە كە پسپۆران قسەیان بۆ كردووە و ئاماژە دەدەن، بەپێی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمەریكا، ناوكی كوولەكە چەندان جۆری رەگەزی خۆراكیی سەرەكی لەخۆ دەگرێت كە جەستە پێویستیی پێ دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركی ئەندامەكانی. بەڵام ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی كێشەی تێكچوونی هەرس و سكچوون و غازات و سكئاوسان.
دووپات دەكەنەوە كە ناوكی كوولەكە بە ڤیتامینەكان و ریشاڵ و دژەئۆكسید دەوڵەمەندە، ئەویش بە جەستە زۆر پێویستە، بەڵام باشترە رۆژانە چارەگێك كووپ زیاتری لێ نەخورێت، لەوە زیاتر دەبێتە زێدەڕۆیی كە ئەگەری هەیە زیانەكانی لە جەستە دەربكەون. بەتایبەتی ئەوانەی هەستیارییان پێ هەیە، دەبێ بە وریاییەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەن.
لەبارەی زیانەكانی ئەو ناوكەیە كاتێك زێدەڕۆیی لە خواردنی دەكرێت، پسپۆران ئاماژە بە دروستبوونی غازات و سكئاوسان دەكەن، هاوكات سكچوون و هەندێ جاریش قەبزی، لە دوای ئەوانیش جار هەیە دەبێتە هۆی تێكچوونی گەدە و كێشە بۆ هەرس دروست دەكات.
باس لەوەش دەكەن كە ئەگەر خۆراكی رۆژانەتان كەمتر ریشاڵی تێدایە، بۆ پتركردنی ریشاڵ، باشترە وردە وردە و رۆژانە بۆ ماوەی دوو هەفتە، قەرەبووی ئەو ریشاڵە بكەنەوە نەك لە ناكاو و راستەوخۆ ریشاڵی زۆر بەكار بێنن. نموونەیشیان بە خواردنی زۆری ناوكی كوولەكە هێناوەتەوە.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك دەڵێن، ناوكی كوولەكە بە سروشتی خۆی ژەهراوی نییە، بەڵام ئەگەر هەیە كۆن یان پیس بێت، ئەوكات دوور نییە جەستە تووشی ژەهراوی بكات. بۆیە وریای كۆنی و پیسیی ئەو ناوكەیە بن بەرلە خواردنی.












Leave a Reply