هێڵی ئاسنینی عێراق بە 950 ملیۆن دۆلار دروست دەكرێتەوە

بینەر: (1.0K)

بەڕێوەبەری سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان ئاشكرای كرد، پڕۆژەی دانانی هێڵی ئاسنین لە عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەبێ و بە گوژمەی 950 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی دێتە جێبەجێكردن.

محەمەد ئەلنەجار بەڕێوەبەری سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان، لە لێدوانێكدا ڕای گەیاند، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنەوەی هێڵی ئاسنینی عێراق بە هاریكاری لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وردەكاریی پڕۆژەكەیش بریتییە لە دروستكرنی هێڵی ئاسنین لە بەسرەوە تا سنوورەكانی توركیا، دووبارە داڕشتنەوەی هێڵی ئاسنینی ئێستە و مەشقكردن بە كارمەندان و شوفێری شەمەندەفەران و پێشخستنی سێكتەرەكە بە نوێترین تەكنەلۆجیای سەردەم.

پێشتر بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا دووپاتی لەوە كردبووەوە، پشتیوانی و یارمەتیی عێراق دەدات لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی هێڵی ئاسنینی عێراق، پڕۆژەكە خۆی لە ڕاكێشانی هێڵی ئاسنین بە درێژایی هەزار و 47 كیلۆمەتر دەبینێتەوە، خزمەتی هەشت پارێزگا دەكات كە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە 17 ملیۆن كەس.

ئاماژەی داوە، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە یارمەتییەكی باشی خەڵكی ئەو پارێزگایانەیە تا بەئاسانی هاتوچۆ بكەن و بازرگانی لە ناوخۆ بەهێزتر و پتەوتر دەكرێت، جیا لەوەی بەشێك لەو كاڵا و كەلوپەلانەی بە بارهەڵگر دەگوازرێنەوە، دەتوانرێ لە ڕێی شەمەندەفەرەوە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر بگوێزرێنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *