هاوسەری ڕۆبەرتۆ کارلۆس دەنگۆی موسڵمانبوونی مێردەکەی ڕەت دەکاتەوە

بینەر: (1.5K)

ئەمڕۆ هەینی 21ی ئابی 2026، سوهەیلە تاهیری هاوسەری مەغریبیی ڕۆبەرتۆ کارلۆس ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە موسڵمانبوونی هاوسەرەکەی دەکەن، هاوکات خودی یاریزانەکەش دووپاتی کردەوە کە ڕێزێکی زۆر بۆ ئیسلام دادەنێت، بەڵام ئایینەکەی نەگۆڕیوە و دەنگۆکانیش دوورن لە ڕاستییەوە.

لێدوانەکانی تاهیری کە ژنە بازرگان و بریکاری یاریزانانە لە ئیسپانیا، دوای ئەوە دێت کە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە، گوایە ئەو ئەستێرە بەڕازیلییە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دوای بینینی شێخ جیهاد حەمادە، شەهادەی هێناوە و بووەتە موسڵمان.

بەڵام ڕۆبەرتۆ کارلۆس بەپەلە ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە و دووپاتی کردەوە کە ڕێزێکی گەورەی بۆ ئیسلام هەیە، بەڵام هیچ کام لەو قسانەی لەسەر گۆڕینی ئایینەکەی دەکرێن ڕاست نین. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەیان بە چەند شێوازێک کراوە بۆ ڕەچاوکردنی بیروباوەڕ و ئایینی جیاوازی هەردوو بنەماڵەکە، کە لەوانەیە ئەمە هۆکار بووبێت بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە.

لای خۆیەوە، سوهەیلە تاهیری دووپاتی کردەوە کە هاوسەرەکەی ئیسلامی نەهێناوە و هیچ ڕاگەیەنراوێکیشی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە. داواشی کرد کە خەڵک واز لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما بهێنن، بەتایبەتی کاتێک بابەتەکە پێوەندیی بە بیروباوەڕی ئایینی و ژیانی تایبەتییەوە هەیە.

هاوسەرەکەی کارلۆس ئەو چیرۆکەشی ڕەت کردەوە کە باس لە سەردانی شێخ جیهاد حەمادە دەکات بۆ لای کارلۆس لە نەخۆشخانە و خوێندنی قورئان بەسەریدا، و دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەو کەسە ناناسێت و ئەو چیرۆکانەش لە بنەڕەتدا ڕاست نین. ئەوەشی خستە ڕوو کە قسەکردن لەسەر ئیسلام و قورئان، یان ڕێزگرتن لە ئایین و كولتوورێکی تر، تەنیا بۆ ڕێزگرتنە و بە مانای ئەوە نایەت کە کەسەکە چووەتە ناو ئەو ئایینەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *