میوانی زۆرەملێ

بینەر: (4.5K)

ئەیوب ئەوڕەحمان

دەرگای ماڵەکە لەسەر پشتە، خاوەن ماڵ لە ماندوێتیدا خەوی لێ زڕاوە، بەڵام میوانەکە هێشتا قاچی لەسەر مێزەکە درێژ کردووە و لە کاتێکدا قاپەکانی ژەمە خواردنی سێیەمیشی دەشکێنێت، بە زەردەخەنەیەکی ساردەوە دەڵێت: “خەمت نەبێت، بەم زووانە دەڕۆم!” ئەو “بەم زووانە”یە دەبێتە هەفتە، دەبێتە مانگ، و لە کۆتاییدا دەبێتە ساڵانێکی درێژ لە داگیرکاریی بێشەرمانەی ماڵەکە. ئەمە تەنها دیمەنێکی بێزارکەری کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئەمە ڕاستی و کورتکراوەی کابینە ماوەبەسەرچووەکەی مەسرور بارزانییە؛ دەسەڵاتێک کە شەرعییەتی یاسایی لەدەست داوە، توانای پێشکەشکردنی هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام وەک مۆتەکەیەکی سیاسی خۆی بەسەر سنگی هەرێمێکدا سەپاندووە و بە ناوی “قۆناغی گواستنەوە” و “دۆخی کاتی”یەوە، تەمەنی شکستی خۆی درێژ دەکاتەوە.

“لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەموو شتێک کاتی و شلە، دەسەڵات لە جیاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، تەنها قەیرانەکان بەڕێوە دەبات و دۆخی بێدڵنیایی دەکاتە ئامرازێک بۆ مانەوە.” ئەم کابینەیەش ڕێک ئەو تیۆرییەی جێبەجێ کردووە؛ ئەوان دەیانەوێت خەڵک بەردەوام لە دڵەڕاوکێی ئەوەدا بژین کە “ئایا حکومەت دەگۆڕێت یان نا؟”، تەنها بۆ ئەوەی کەس نەپەرژێتە سەر پرسیارکردن لەو وێرانەیەی کە لە ماوەی ئەم “مانەوە کاتییە”دا دروستیان کردووە. وەک چۆن لە لوبنان و هەندێک وڵاتی ئەفریقیدا، حکومەتە کاربەڕێکەرەکان ساڵانێک لەسەر دەسەڵات دەمێننەوە نەک لەبەر ئەوەی خزمەت دەکەن، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی نوخبەی تاڵانچی ناتوانێت لەسەر دابەشکردنی نوێی کێکەکە ڕێکبکەوێت. لێرەش، مانەوەی زیاتری ئەم کابینەیە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی قووڵیی قەیرانی ناوخۆیی و شەڕی قۆرخکارییە لەسەر داهاتی نیشتمان.

ئەم گاڵتەپێکردنە بە کات و شەرعییەت، سووکایەتیکردنێکی بێوێنەیە بە هۆشیاریی هاوڵاتی. ئەگەر ئێوە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و “کاتی”ن، ئەی چۆنە دەتوانن گرێبەستی نەوتیی درێژخایەن واژۆ بکەن و باجی نوێ بەسەر بازاڕدا بسەپێنن؟ ئەگەر ئەم دوو ساڵە زیادەیە تەنها بۆ “تێپەڕاندنی قۆناغەکە” بوو، ئەی بۆچی لەم ماوەیەدا نە مووچەی کارمەندێکتان لە کاتی خۆیدا دا، نە گڵۆپێکی ماڵێکتان ڕووناک کردەوە، و نەش یەک خزمەتگوزاریی ڕاستەقینەتان پێشکەش کرد؟ ئەو سوپا زەبەلاحە لە وەزیر و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە کاریان چییە، کاتێک تاکە ئەرکیان بڕینی قردێلەی وەهمی و پاساوهێنانەوەیە بۆ شکستەکانتان؟ باج و قوت و داهاتی دەروازەکان دەچێتە کام گیرفانەوە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نییە و گەنجان لە بێکاریدا دەسووتێن؟ دەسەڵاتێک کە ناتوانێت بڕیار لە ڕۆشتنی خۆی بدات و بە زەبری هێز و فێڵ لەسەر کورسییەکەی دەمێنێتەوە، بە چ ڕوویەکەوە باس لە سەروەریی یاسا دەکات؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *