مشتێك لە خەرمانی هەوڵەكانی مەسروور بارزانی بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە

بینەر: (12)

پڕۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لە كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستاندا بە یەكێك لە پڕۆژە سەرەكییەكانی بواری ئاسایش و چاكسازی گەورەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دادەنرێت.

مەسروور بارزانی لە ساڵی 2020وە بەردەوام دووپاتی لەسەر چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێكخستنەوەی هێزەكان، یەكخستنی سیستەمی دارایی و ژمێریاری و دروستكردنی هێزێكی دامەزراوەیی كردووە، پێش ئەوەیش یەكێك بوو لەو فریادڕەسانەی كوردستان كە شانبەشانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی كوردستان تێدەكۆشا.

یەكێك لە بەڵگە فەرمییە گرنگەكان بۆ هەوڵەكانی مەسروور بارزانی كۆبوونەوەی 26ی كانوونی دووەمی 2020 بوو كە تایبەت بوو بە چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتی لە مۆدێرنكردنی هێزەكانی پێشمەرگە كردەوە.

ئەم هەنگاوە گرنگ بوو، چونكە نیشانیدا پێشمەرگە تەنیا وەك بابەتێكی سەربازی نەماوەتەوە، بەڵكو بووەتە بەشێك لە پڕۆژەی گشتیی چاكسازیی دارایی و كارگێڕیی حكوومەت.

لە 12ی تەمووزی هەمان ساڵدا، مەسروور بارزانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ پێداچوونەوە بە پرۆسەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە برد، بڕیار درا كاتێكی دیاری كراو بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان دابنرێت و یەكخستنی یەكەكانی ژمێریاری، ڕێكخستنەوەی پێكهاتەی هێزەكان و یەكسانكردنی پلەكان و ڕێكخستنی خانەنشینی و ڕێكخستنی كاروباری شەهیدان و برینداران جێبەجێ‌ بكرێت.

لە هەشتی شوباتی 2021، مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی كۆمیتەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ مووچە، مافە دارایییەكان و خانەنشینییەكان وەك بەشێك لە پرۆسەی چاكسازی دووپاتی لێ‌ كرایەوە.

جیا لە كۆبوونەوە ناوخۆییەكان، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵوێز و فەرماندەی وڵاتان مەسروور بارزانی دووپاتی لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكردەوە.

لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكا لە 21ی حوزەیرانی 2022، مەسروور بارزانی بەردەوامبوونی پرۆسەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەی باس كرد و لایەنی ئەمەریكایش دووپاتی كردەوە كە چاكسازیی پێشمەرگە فاكتەرێكی گرنگە بۆ بەردەوامبوونی یارمەتیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.

لە 21ی حوزەیرانی 2022 مەسروور بارزانی بە ڕوونی گوتی كە چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ یەكەم جار لە كابینەی نۆیەمدا دەستی پێ كردووە. ئەوەیش بووە بەڵگەیەكی مێژوویی كە پرۆسەكەی ڕاستەوخۆ بە كابینەی نۆیەم و بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتەوە بەستەوە.

یەكێك لە ڕوونترین لێدوانەكانی مەسروور بارزانی لە 15ی كانوونی دووەمی 2023 بڵاوكرایەوە. ئەو بە ڕاشكاوی داوای كرد هیچ بەربەستێك لەبەردەم بەرنامەی چاكسازیی حكوومەت و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە نەبێت.

دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە دەبێت ببێتە هێزێكی نیشتیمانیی بەهێز بۆ پاراستنی دەستووری هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان، بەدوور لە كاریگەریی ئەجێنداكانی حزب و تاكەكەس.

ئەم لێدوانە لە گرنگترین بەڵگە فەرمییەكانە بۆ هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، چونكە یەكخستنی پێشمەرگەی بە هێزێكی نیشتیمانی و دوور لە كاریگەریی حزبی پێوەست كردووە.

لە 21ی ئەیلوولی 2023، مەسروور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی كۆبووەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵەكان بۆ یەكخستن و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرا كرد كاریگەریی حزب و بەرژەوەندییە تاكەكەسیی.

لە 11ی تەمووزی 2024، مەسروور بارزانی لەگەڵ بەرپرسی بەرگریی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پێشكەوتنی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە باس كرا و لایەنی ئەمەریكا سوپاسی هەوڵەكانی مەسروور بارزانی بۆ چاكسازی و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە كرد

ساڵی 2025 پڕۆژەی چاكسازی لە پێشمەرگە تەنیا لەناوخۆدا نەمایەوە بەڵكو تەواوی هاوپەیمانان و ئەمەریكا هاتنە سەر هێڵ و لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا سوپاسی مەسروور بارزانیان بۆ ئەو هەوڵە دەكرد.

لە 15ی ئەیلوولی 2025، مەسروور بارزانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ خێراكردنی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنی پێشمەرگە ئەنجام دا و تێیدا پلەكان و پێداویستییە داراییەكان بە شێوەی یەكخستنی هێزەكان و دووركردنەوەی كاریگەریی حزبی بڕیاری لێ‌ درا.

یەكەكانی ژمێریاریی هەموو پێكهاتەكانی پێشمەرگە دەبوو لە یەك یەكەدا لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگە كۆبكرێنەوە و لە ژێر چاودێری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم كار بكات.

هەروەها بڕیار درا پرۆسەی ڕێكخستنەوە و ڕێكخستنی هێزەكان بەردەوام بێت و پرۆسەی خانەنشینیی پێشمەرگەكان بە شێوەیەكی ڕێكخراو بكرێت.

لە هەمان كۆبوونەوەدا، حكومەتی فیدراڵ بانگهێشت كرا كە مووچە و مافە دارایییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە سوپای عێراق یەكسان بكات، بە پشتبەستن بەوەی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و دەبێت مافە دەستوورییەكانی دابین بكرێت.

لە 10ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند كە پرۆسەی تەواوی یەكخستن و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگە تەواو كراوە.

بەم شێوەیە، یەكخستنی پێشمەرگە بۆتە یەكێك لە دیارترین پرۆژە دامەزراوەییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان؛ پرۆژەیەك كە تەنیا مەبەستی یەكخستنی هێزە سەربازییەكان نەبووە، بەڵكو یەكخستنی فەرماندەیی، ژمێریاری، پلە، مووچە، خانەنشینی و پێكهاتەی دامەزراوەیی پێشمەرگەی لەخۆ گرتووە.

مەسروور بارزانی جیا لە سەرۆكی حكوومەت، وەك پێشمەرگەیەكی خەمخۆر لە خەمی یەكخستنی پێشمەرگەدا كۆڵی نەدا، ئەگەرچی دەیان بەربەست و ئاستەنگ هاتنە بەر پڕۆسەكە.

خوێندنەوەی ئەو راپۆرتە وەك مشتێكە لە خەرمانێك لە هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان تا بە ئامانج گەیشت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *