مالیكی: ئامادەین بەرگری لە بەرژەوەندییەكانمان لەگەڵ واشنتن بكەین

بینەر: (1.2K)

دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای وەك كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، نێوانی عێراق و ئەمەریكا ئاڵۆزی تێ كەوت، سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێك ئەو كاندیدبوونەی رەت كردەوە، ئێستە شیعە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پاراستنی قەوارەكەیان لە لێكترازان بەو هۆیەوە، ئەمڕۆ مالیكی لە دیداری بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا دووپاتی لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی واشنتن لە عێراق كردەوە.

دیار هێشتا نووری مالیكی چاوی لە گۆڕینی دیدی سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە كاندیدبوونی و قبووڵكردنیەتی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ، لەو كاتەی سەرۆكی ئەمەریكا ئەوی بە لایەنگری ئێران وەسف كرد و مامەڵەكردنی لەگەڵ حكوومەتێكی سەر بە ئێران لە عێراق رەت كردەوە، ئەمڕۆ دووشەم مالیكی لە بەغدا چاوی بە ڤیكتۆریا تایلۆر جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كەوت و باسی دۆخی عێراق و ناوچەكەیان كرد.

مالیكی لە دیدارەكە دووپاتی كردەوە كە پێوەندیی توندوتۆڵ عێراق و ئەمەریكا بەیەكەوە گرێ دەدات، مەبەستی سازكردنی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیش بۆ زیادكردنی هاریكاریی هاوبەش و بنیاتنانەوەی تواناكانی عێراق لە بوارە جۆراوجۆرەكان بوو، بۆیە پێویستە ئەو رێككەوتنە لە داهاتوویەكی نزیك كارا بكرێتەوە، عێراق ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە پێوەندی و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا لە رێگەی بەردەوامیدان بە هاوبەشیی ئابووری وەك ئەوەی لە بەرژەوەندیی گەلی هەردوو وڵاتدایە.

لەوكاتەی مالیكی باسی دۆخی سیاسیی عێراق و جموجۆڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی كرد، تایلۆر دووپاتی لە گرنگیی رۆڵی عێراق لە ناوچەكە كردەوە، كە لایەنێكی ئەكتیڤە لە هەوڵەكانی سەقامگیری و بەهێزكردنی ئاسایشی ناوچەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *