لە وەرزی هاوین و كاركردندا چۆن پارێزگاری لە سەرنج و مێشكتان دەكەن؟

بینەر: (828)

لە وەرزی هاوین و كاتێك پلەكانی گەرمی زیاتر بەرز دەبنەوە، زۆرن ئەوانەی لە كاتی كاركردندا تووشی ئاستەنگی سەرنجەكانیان دەبنەوە، چونكە گەرما كاریگەریی رژدی لەسەر مێشك دەبێت. توێژینەوەكانیش بەوە گەیشتوون كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، جەستە تووشی وشكبوونەوە دەكەن و ئەگەر وشكبوونەكە كەمیش بێت، كاریگەریی لەسەر سەرنجی مرۆڤ دەبێت، بۆیە پسپۆرانی تەندروستی چەندان رێنوێنیی دەخەنەڕوو كە دەتوانن لەو وەرزەدا پارێزگاری لە سەرنجەكانتان لە كاتی كاركردندا بكەن.

پسپۆرانی تەندروستی كە قسەیان بۆ پێگەی “ئەهرام”ی میسری كردووە، باس لەوە دەكەن كە لە وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، وا دەكات سەرنجی مرۆڤ لاوازتر بێت و مێشك نەتوانێ بە ئەركەكانی خۆی هەستێت، بەتایبەتی لە كاتی بەڕێوەبەردنی كاردا، جا كارەكە لەسەر مێز و نووسینگە بێت یان لە دەرەوە. بۆیە پسپۆران هەندێك رێنوێنی دەخەنەڕوو بۆ پارێزگاری لە سەرنج و ئەركەكانی مێشك.

باس لەوە دەكەن كە وشكبوون سەرەكیترین هۆكاری لاوازیی سەرنج و هەستكردن بە ماندوویەتییە بەتایبەتی لە كەشی گەرمادا، چونكە لەوكاتەدا جەستە و مێشك ئاو و شلەمەنیی زیاتر دەردەدەن و كەم دەبنەوە، بۆیە پێویستە ئاوی زیاتر بخورێتەوە تەنانەت ئەگەر كەسەكە توینیش نەبێت، هاوكات كەمكردنەوەی ئەو خواردنەوانەی كافاینیان تێدایە كە ئەوانیش هۆكارن بە كەمبوونەوەی شلەمەنی لە جەستەدا.

پسپۆران ئاماژە چالاكیی مێشك دەدەن كە ئەویش پێویستیی بە خۆراكە، بۆیە رێنوێنیی دەكەن كە لەو كەشە گەرمایەدا جارجارە خۆراكی دەوڵەمەند بە پرۆتین بخۆن، هاوكات خواردنی میوە و دووركەوتنەوە لە خۆراكی پڕ چەوری، چونكە چەوری دەبێتە هۆی هەستكردن بە داهێزرانی جەستە بەتایبەتی لە كاتی نیوەڕۆدا.

دووپاتی دەكەنەوە كە هەرچی پێتان دەكرێ خۆتان لە تیشكی هەتاو بە دوور بگرن، چونكە ئەو تیشكە گەرمە هۆكاری لاوازیی سەرنجە، بۆیە گرنگە خۆتان بدەنەبەر هەوای ساردی وەك پانكە و سپلیت، واتە لە شوێنی كاركردندا هەوڵ بدرێ كەشێكی نیمچە فێنك هەبێت.

دواتریش پسپۆران ئەوەش دەڵێن، كارێكی باشە كە جارجارە و بۆ نموونە لە ماوەی سەعاتێكدا، هەوڵ بدەن پشوویەك وەربگرن، بۆ نموونە وەستان لەسەر پێ یان رۆیشتن و جووڵانەوە و خواردنەوەی ئاو، ئەوەیش وا دەكات مێشك چالاكتر بێت و سەرنجیش بەهێزتر بێت. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر خەوی شەوانەیە كە بەهۆیەوە مێشك سەرنج باشتر دەكات و لە كاتی كاركردنی رۆژیشدا چالاكتر دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *