وەزارەتی دادی عێراق ئاشكرای كرد، لە مانگی ڕابردوو ئەیلوول/سێپتێمبەر، دەست بەسەر سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەی 200 كەس گیراوە و هەوڵەكانیش بەردەوامن لەگەڵ وڵاتانی دنیا، بۆ گێڕانەوەی پارەكانی عێراق لە دەرەوە و گرتنی ئەو داواكراوانەی روویان لە دەرەوەی عێراق كردووە.
ئەحمەد لعێبی گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاشكرای كرد، لە مانگی ڕابردوودا دەست بەسەر موڵك و سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەی 200 كەس گیراوە، سەرجەم دۆسیەكانیان ڕەوانەی دامەزراوەكانی داد و دادگای تایبەتمەند كراوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەگوێرەی یاسا بەركارەكانی وڵات.
زیاتر گوتی، وەزارەتی داد كار دەكات لە چوارچێوەی پرۆگرامی تەواوكاری و فراوانكردنی هاریكاری یاسایی و دادی لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی دنیا، لە ڕێی واژووكردنی ڕێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن بۆ گواستنەوەی گیراوان و سزادراوان لە نێوان عێراق و ئەو وڵاتانەدا، ئاڵوگۆڕی ئەزموونی دادگەری و جێبەجێكردنی پرۆگرامی دووبارە شیاندنەوە و پەرەپێدانی سیستمی دادگایی و بەهێزكردنی هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، مانگی ڕابردوو وەزارەت ژمارەیەك گیراوی بیانی بۆ وڵاتەكانیان گەڕاندووەتەوە، بەپشتبەستن بەو ڕێككەوتن و لێكگەیشتنانەی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئەنجام دراون، لەو وڵاتانەیشی ڕێككەوتنیان لەگەڵ كراوە، توركیا و بەریتانیا و ئێرانن، لە چوارچێوەی پابەندبوون بە ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان و پەرەپێدانی هاریكاری دادوەری و مرۆیی.
















Leave a Reply